پێنج یاریزانی بۆرووسیا دۆرتمۆند بای بای..


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی رۆیشتنی پێنج یاریزانی لە ریزەکانی راگەیاند.
 
دۆرتمۆند لە دوا هەفتەی بۆندێسلیگای ئەمساڵ و لە دوا خولەکەکاندا نازناوی خولەکەی لە بەرژەوەندی بایرن میونشن لەدەستدا، پاشئەوەی لەگەڵ ماینز یەکسانبوو و بایرن میونشنیش لە کۆڵنی بردەوە.
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند رایگەیاند پێنج یاریزانی یانەکە کە گرێبەستەکانیان کۆتایی هاتووە، لە ریزەکانی یانەکەی رۆر دەڕۆن.
 
بەپێی راگەیێنراوی دۆرتمۆند، هەریەکە لە رافایێل گێرێرۆ، فیلیکس باسلاک، مەحموود داوود، ئانتۆنی مۆدێست و لوکا ئۆنپیهاون دوای تەواوبوونی گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکە، ریزەکانی دۆرتمۆند بەجێدە‌هێڵن.
 
لە نێو پێنج یاریزانە رۆیشتووەکەدا، تەنیا گێرێرۆ یاریزانێکی سەرەکیی نێو پێکهاتەی ئەمساڵ و ساڵانی رابردووی بۆرووسیا دۆرتمۆند بوو. گێرێرۆ لە 2016ەوە لە بۆرووسیا دۆرتمۆند یارییدەکات.
 
لە کاتێکدا مۆدێست، دوای تەنیا یەک وەرز یارییکردن لەگەڵ یانەکە، سیگناڵ ئێدۆنا پارک جێدەهێڵێت و مەحموود داوودیش، پێشتر ئاشکراکرابوو کە پەیوەندی بە یانەیەکی پرێمەرلیگەوە دەکات.