تێن هاگ: رێگایەکی دوور و درێژمان لەپێشە

رووداو دیجیتاڵ

 

ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، دووپاتیکردەوە کە تیپەکەی باشە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو شوێنەی کە پێویستە پێیبگات. گوتیشی "ئەگەر دەتەوێت لە پرێمەرلیگدا لە چوار پلەی یەکەم بی و رکابەری لەسەر نازناو بکەی دەبێت وەبەرهێنان بکەی و یاریزان بێنیتە ریزەکانی تیپەکەت".
 
تێن هاگ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، گوتی "ئێمە دەمانزانی لەسەر رێچکەی راستین، بەڵام هێشتا لەو شوێنە نین کە دەبێت لێیبین، هێشتا رێگایەکی دوور و درێژمان ماوە، بەڵام تواناکانی ناو تیپەکە و لێهاتوویی تاکەکەسی یاریزانەکانیشم بینی، پێموایە لەماوەی وەرزەکەدا سەلماندمان کە تیپەکە پەرەیسەندووە و ئەمەش ستاییشە بۆ یاریزانەکان و هەروەها راهێنەران". 
 
ئەو هەروەها گوتی "ئێمە زۆر کارمان کرد، بەڵام پێویستە باشتر بین و وەبەرهێنان بکەین. ئەو پاداشتە بەدەستدەهێنی کە شایەنتە کاتێک ستراتیجییەتێکی باشت دەبێت و تێدەکۆشی".
 
راهێنەری هۆڵەندیی یانە ئینگلیزییەکە، زیاتر گوتی "یانەکه دەزانێت ئەگەر بمانەوێت له چواری یەکەم بین و رکابەری لەسەر جامەکان بکەین لەم خوله سەختەدا پێویستمان به وەبەرهێنانه".
 
تێن هاگ، قسەکانی زیاتر روونکردەوە و گوتی "بێجگە لەوە بچووکترین چانسیشت نابێت چونکه یانەکانی دیکە ئەو کارە دەکەن. له زستاندا ئەوەمان بینی کاتێک تیپەکان وەبەرهێنانێکی گەورەیان کرد، ئێمە ئەوەمان نەکرد، بەڵام سەرکەوتوو بووین، سەرەڕای ئەمەش هێشتا دەستکەوتێکمان بەدەستهێنا، بۆیە زۆر دڵخۆشم و شانازی بە یاریزانەکانمەوە دەکەم".