چاڤی: بارسێلۆنا هێشتا لە قۆناخێکی مەترسیداردایە

رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی دوایاریی ئەم وەرزەی لەنێو کامپ نودا ئەنجامدا و ئاهەنگیان گێڕا و ماڵئاواییان لە هەردوو یاریزانەکەی سێرخیۆ بۆسکێس و خۆردی ئەلبا کرد، بە میدیاکانی گوت "هێشتا لە قۆناخێکی مەترسیدارداین".
 
چاڤی، گوتی "تیپەکەمان بە قۆناخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕی کاتێک من وەک راهێنەر دەستنیشانکرام. ئێمە هێشتا لە قۆناخێکی مەترسیدارداین، بەڵام هێواش هێواش لە قۆناخێکی زۆر سەخت لە رووی داراییەوە چاک دەبینەوە". 
 
راهێنەری بلاوگرانا، زیاتر گوتی "پێموایە هەمووان رۆڵی خۆیان بینی بۆ ئەوەی بگەینە ئەو شوێنەی ئێستا لێین. پێموایە چێژ لە قۆناخێکی باش وەردەگرین، بەڵام دەمانەوێت باشتربین و کار بۆ ئەوە دەکەین. رۆژێکی زۆر مێژوویی بوو، چونکە ماڵئاواییمان لە کامپ نو کرد". 
 
ئەو گوتیشی "تیپەکەمان لە دۆخێکی باشتردایە لەوەی کە هەبوو، ئەمەش شتێکی ئەرێنییە. ئێستا ئەم یاریگایە بەجێدەهێڵین و ساڵ و نیوێک یاری تێدا ناکەین. ئێمە لە مۆنجویک یاری دەکەین و پێویستمان بە هەموو ئەو هاندەرانە دەبێت کە لێرە لە کامپ نو بینیومانن".
 
راهێنەری بارسا، سەبارەت بە ماڵئاواییکردنی بۆسکێس و ئەلبا لە یانەکە، گوتی "پێمگوتن بۆسکێس و ئەلبا بەختیان باشە کە هەموو کەسێک وەک ئەوان دەرفەتی ماڵئاواییکردنیان بەشێوەیەکی ئەرێنی لە کامپ نو دەست ناکەوێت، چونکە لەبەردەم هاندەرەکانماندا یارییان کرد کە دەیانزانی یانەکە بەجێدەهێڵن و پاڵپشتییەکی زۆریان لێکرا. کاتێک یانەکەم بەجێهێشت لە وەرزەکەدا سێ نازناومان بەدەستهێنا، لە کاتێکدا ئەم وەرزە نازناوی خولەکە و جامی سوپەری ئیسپانیایان بەدەستهێنا".