بەفەرمی.. سەرۆکی ناپۆلی رۆیشتنی لۆچیانۆ سپالێتی لە مەشقدانی یانەکە راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ

ئۆرێلیۆ دی لاورێنتس، سەرۆکی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، بەفەرمی رۆیشتنی لۆچیانۆ سپالێتی لە مەشقدانی یانەکە راگەیاند، پاشئەوەی پێشەوایەتی ناپۆلی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی سکۆدیتۆ لە وەرزی ئەمساڵدا.
 
لۆچیانۆ سپالێتی توانی ناپۆلی بکاتە پاڵەوانی خولی ئیتاڵیا پاش سێ دەیە لە چاوەڕوانی و پێنج هەفتە بەرلە کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵ، یانەکە لە وەرزێکی ناوازەدا، نازناوی خولەکەی بردەوە.
 
دی لاورێنتس، لە لێدوانی بۆ میدیای ئیتاڵیا گوتی، "رۆیشتنی سپالێتی؟ ئەو پیاوێکی ئازادە، کاتێک کەسێک پێتدەڵێت من باشترین توانا و دەستکەوتی خۆم لەگەڵ تۆدا بەدەستهێناوە و دەمەوێت ساڵێک پشوو وەربگرم، باشتر وایە وازی لێبهێنیت، بڕوات".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "سپالێتی چەند جارێک پێیگوتم کە ساڵێکی لە گرێبەستەکەی ماوە، بەڵام دەیەوێت راوەستێت. منیش ناتوانم ئەوە رەتبکەمەوە، ئەو زۆری بۆ ئێمە کرد و لەسەرئەوە، سوپاسی دەکەم".
 
پێشتر سپالێتی چەند جارێک لە هەفتەکانی رابردوودا، ئاماژەی بەوەدابوو کە چارەنووسی خۆی یەکلاکردووەتەوە و چاوەڕێیە ناپۆلی و دی لاورێنتسی سەرۆکی یانەکە، رۆیشتنی لە یانەکە رابگەیەنن.
 
میدیای ئیتاڵیا دەڵێن، یانەی ناپۆلی بۆ شوێنگرتنەوەی سپالێتی، رێکەوتنی لەگەڵ لویس ئینریکێ، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا کردووە.