دی برۆین: یاریی ئەمشەو ناسنامەی باشترین یاریزانی جیهان دیاریدەکات

29-05-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیڤن دی برۆین یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتال

کیڤن دی برۆین، کاپتن و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، هانی هاوڕێکانی دا بۆ ئەوەی ئەمشەو بەرامبەر چێڵسی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و نازناوی چامپیۆنزلیگ ببەنەوە، گوتیشی "یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ناسنامەی باشترین یاریزانی جیهان دیاریدەکات".

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی دراگاو لە شاری پۆرتۆی پۆرتوگالی، یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەنێوان هەردوو یانەی ئینگلیزی، مانچێستەر سیتی و چێڵسیدا دەکرێت.

کیڤن دی برۆین، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی کرد و دووپاتیکردەوە کە یارییەکە بەرامبەر تیپێکی بەهێز دەکەن و گوتی "ئێمە و ئەوان رکابەری یەکدین و هەموومان دەمانەوێت ببەینەوە، ئەگەر بردمانەوە دەبینە پاڵەوان و ئەگەر نەمانبردەوە تووشی شکست دەبین، گەیشتن بە یاریی کۆتایی باوەڕپێنەکراوە، نامانەوێت دۆڕان تاقیبکەینەوە، بەڵام ئەگەرەکە لەئارادایە".

کاپتنی مان سیتی زیاتر گوتی "گەیشتن بە یاریی کۆتایی ئامانجی یانە و یاریزانەکانمان بوو، ئەوە شانازییەکی گەورەیە و دەبێت بە باشترین ئاست یاریی بکەین".

دی برۆین، کە هەمیشە وەک یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان پەنجەی بۆ درێژ دەکرێت، باسی کاریگەری ئەم یارییە بەسەر خەڵاتە تاکەکەسییەکانەوە کرد و گوتی "بێگومان یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ناسنامەی باشترین یاریزانی جیهان دیاریدەکات، بەڵام ئێمەی یاریزانان ناتوانین لەو بارەوە کاریگەریمان هەبێت، هەندێجار یارییەکی باش دەکەی بەڵام دەدۆڕێنی، بۆ ململانێکردن لەسەر ئەو خەڵاتە تاکەکەسییانە پێویستە سەرکەوتنەکان بەدەستبێنی، من دڵخۆشم بەو دۆخەی تێیدام".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە