تۆماس توخێل: یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ یاریی تێنس نییە لەنێوان من و پێپدا

29-05-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تۆماس توخێل مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتال

تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی، دووپاتیکردەوە کە وەک راهێنەر بڕوای تەواوی بە یاریزانەکانی هەیە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و گوتیشی "ئەمە یاریی تێنس نییە لەنێوان من و گواردیۆلادا".

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی دراگاو لە شاری پۆرتۆی پۆرتوگالی، یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەنێوان هەردوو یانەی ئینگلیزی، مانچێستەر سیتی و چێڵسیدا دەکرێت.

تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی چێڵسی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی کرد و گەشبینی خۆی نیشاندا و دووپاتیکردەوە "متمانەی تەواوم بە هەمووان هەیە، پرسەکە پەیوەندی بە ئارەزووی ئێمە بۆ بردنەوەی نازناوەکەوە هەیە. زۆر باش و پێویستە کە تۆ متمانەت بە تواناکانت هەبێت لەگەڵ ئەو هەستە خۆشەی کە گەیشتووی بە یاریی کۆتایی".

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی تیپەکەیشی، توخێل گوتی "ئێمە دووجار لە لەندەن مەشقمان کردووە، دوایین یەکەی راهێنانیشمان ئەنجام دەدەین بۆ دڵنیابوونەوە لە وردەکارییەکان".

ئەو زیاتر گوتی "سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی من و گواردیۆلا، بڕواناکەم بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە رووبەڕووبوونەوەمانەوە بێت، ئێمە یاریی تێنس ناکەین، تیپەکەم دێنم و ئەویش تیپەکەی دێنێت، پێموایە پێکهاتەی مانچێستەر سیتی لەم یارییەدا جیاواز دەبێت".
 
راهێنەری چێڵسی باسی رکابەرەکەیشی لەم یارییەدا کرد و گوتی "رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی هەمیشە زەحمەتە کاتێک پێپ لەدوای پلانەکانەوە بێت، ئەوان بڕوایەکی زۆریان بە تواناکانیان هەیە و خاوەن عەقڵییەتی بردنەوە، هەرچەندە دووجار لێمان بردوونەتەوە، بوێرانە یاریمان کرد، ماندووبووین و زەحمەتیمان دیت، بەڵام وەک یەک تیپ زۆر باش بووین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە