فەرمی.. کاتی دەستپێکردنەوەی خولی ئیتاڵیا دیاریکرا

30-05-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سێریا ئەی
A+ A-

رووداو - هەولێر

دەستەی خولی ئیتاڵیا، بەفەرمی کاتی دەستپێکردنەوەی یارییەکانی خولی ئیتاڵیای راگەیاند و رۆژی ئەنجامدانی یاری کۆتایی جامی ئیتاڵیاشی دیاریکرد.

خولی ئیتاڵیا لە سەرەتای ئاداری رابردووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک سەرجەم چالاکییەکانی دیکەی وەرزشی راگیرا.

دەستەی خولی ئیتاڵیا بڕیاری فینچێنزۆ سپادافۆرای وەزیری وەرزشی ئیتاڵیای پەسەند کرد، کە رۆژی 20ی حوزەیرانی دیاریکردووە بۆ دەستپێکردنەوەی یارییەکانی سێریا ئەی.

دەستەی خولی ئیتاڵیا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، کە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس لەگەڵ نوێنەری هەر 20 یانەی سێریا ئەی کۆبووەوە و هەموویان لەسەر ئەوە رێککەوتن کە ئەو 4 یارییەی سێریا ئەی لە گەڕی 25دا دواخرابوون، لە رۆژانی 20 و 21ی حوزەیران بەڕێوەبچن و یارییەکانی گەڕی 27 لە 22ی حوزەیران ئەنجام بدرێن.

ئەو 4 یارییەی دواخراون بریتین لە یارییەکانی، ئاتالانتا و ساسۆلۆ، ڤيرۆنا و كالياري، ئینتەرمیلان و سامپدۆريا، تۆرينۆ و پارما.

دەستەی خولی ئیتاڵیا، لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە یاری کۆتایی جامی ئیتاڵیاش لە 17ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت و دەشڵێت "لە رۆژانی کەمی داهاتوودا کات و شوێنی یارییەکانی گەڕی 27 لە لایەن دەستەی خولی ئیتاڵیاوە ئاشکرا دەکرێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە