ئەنچێلۆتی 'پیاوی ئەرکە قورسەکەی' بۆ یاریی بایرن میونشن دەستنیشانکرد

29-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید بایرن میونشن ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر هاری کەین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، بەشێک لە پلانەکانی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ئاشکرا دەکات.
 
سبەی سێشەممە ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، لە یاریگەی ئەلیانز ئارێنا دەبێتە میوانی بایرن میونشن.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، ئەو لایەنە گرنگەی کە ریال مەدرید بەنیازە لەم یارییەدا کاری لەسەربکات ئەوەیە کە دەیەوێت خۆی بەدوور بگرێت لە گۆڵ لێبوون بەرامبەر بایرن میونشن، بەتایبەتی کە یاریزانێکی هەیە ئامێری گۆڵکردنە، ئەویش هاری کەینی ئینگلیزی.
 
کەین لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ بایرن میونشن چەندین ژمارەی پێوانەیی شکاند، سەرەڕای ئەوەی تیپەکە نازناوی خولی ئەڵمانی بە بایەرلیڤەرکوزن دۆڕاند.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مارکا، کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری مێرینگێ بڕیاریداوە ئەنتۆنیۆ رۆدیگێری بەرگریکاری ئەڵمانی تایبەت بکات بە چاودێریکردنی هێرشبەری سەرەکی یانە رکابەرەکە. ئەمەش بەو مانایەیە کە رۆدیگێر ئەرکی چاودێریکردنی هاری کەینی پێدەسپێردرێت، هەروەک چۆن لەگەڵ ئێرلینگ هالاند بەرامبەر مانچێستەر سیتی کردی.
 
رۆدیگێر دەبێت هەوڵێکی زۆربدات بۆ ئەوەی گۆڵەکەی ریال مەدرید لە مەترسییەکانی هاری کەین بپارێزێت، بەتایبەتی کە شێوازی یاریکردنی جیاوازە لە هالاند.
 
ریال مەدرید هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی ئەرێنی دەدات بەرامبەر بایرن میونشن لە یاریی چووندا پێش ئەوەی پێشوازی لە تیپەکەی ئەڵمانیا بکات لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
براوەی دوو یارییەکی نێوان ریال مەدرید و بایرن میونشن لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، رووبەڕووی براوەی هەردوو یاریی بۆرووسیا دۆرتموند و پاریس سانجێرمان دەبێتەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە