بەربژێری ئارسن ڤینگەر بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ یانەیەکی پێشبینینەکراوە

29-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئارسن ڤینگەر چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئارسن ڤینگەر، راهێنەری پێشووی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، ناوی ئەو یانەیەی دەستنیشانکردووە کە پێیوایە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا نازناوی چامپیۆنزلیگ دەباتەوە.
 
ڤینگەر لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'لوپاریزیان'ی فەرەنسی ناوی تیپی هەرە بەربژێر و ئامادەی بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە داناوە و دەڵێ، ئەمساڵ ساڵی ئەوانە.
 
ڤینگەر کە بەراهێنەری مێژوویی ئارسیناڵی ئینگلیزی دادەنرێت، لەبارەی ناوی یانەکەوە دەڵێ، لەسەرەتای وەرزەوە گوتوومە، ئەمساڵ ساڵی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ دەبێت لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە".
 
سانجێرمان لە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگە، رۆژی چوارشەممە بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی یاریی چوون ئەنجامدەدات. دوو یانەکەی دیکەی سەرکەوتوو بۆ چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ، ریال مەدریدی ئیسپانی و بایرن میونشنی ئەڵمانیان و هەردوو یانە سبەی سێشەممە، لە یاریی چووندا لە ئالیانز ئارێنا بەیەکدەگەن.
 
ڤینگەر دەڵێ، "دەبێ سانجێرمان هەوڵبدات لە یاریگەی بۆرووسیا دۆرتمۆندەوە سەرکەوتن بۆ یاریی کۆتایی یەکلابکاتەوە".
 
ئەو پێیوایە، "کیلیان ئێمباپێ و یاریزانەکانی دیکەی سانجێرمان، توانای ئەوەیان هەیە بەسەر بۆرووسیا دۆرتمۆنددا بگەنە یاریی کۆتایی".
 
سانجێرمان لە قۆناخی پێشوودا، وێڕای شکستی بەرامبەر بارسێلۆنای ئیسپانی 2 - 3، لە یاریی گەڕانەوەدا ریمۆنتادای بەسەر ئەو یانەیەدا کرد و 4 - 1 سەرکەوتنی بەسەردا بەدەستهێنا.
 
سانجێرمان هەوڵدەدات بۆ دووەمجار لە مێژوویدا بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، پاشئەوەی ساڵی 2020 گەیشت و لەوێ بەگۆڵێکی بێبەرامبەر بە بایرن میونشنی ئەڵمانی دۆڕا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە