ڤیدیۆ؛ عێراق و ژاپۆن شەڕ لەسەر بلیتێکی ئۆڵیمپیاد دەکەن

29-04-2024
ئەحمەد حاجی @AhmedHajy10
هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق
هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی ژاپۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ئەمڕۆ هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ژاپۆنی ئۆڵیمپی بەیەکدەگەن و خەڵاتی بردنەوەش گەیشتنە بە ئۆڵیمپیادی پاریس کە بڕیارە هاوینی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
 
هەڵبژاردەی ژاپۆن، لە قۆناخی هەشت بەرامبەر قەتەر یارییکرد و کاتی ئاسایی یارییەکە بەیەکسانبوونی نێوان هەردوو هەڵبژاردە کۆتایی هات، بەڵام ژاپۆنییەکان لە دوو گێمی زیادکراودا، داستانێکی دیکەیان نووسییەوە، داستانی تۆمارکردنی چوار گۆڵ و گەیشتن بە چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتیی ئاسیای خوار تەمەن بیست و سێ ساڵ.
 
مێژووی بەیەکگەیشتنی ژاپۆن و عێراق لەسەر ئاستی ئاسیا پڕە لە رووداوی سەرنجڕاکێش، لە دوایین بەریەککەوتنی هەردوو هەڵبژاردەی یەکەمدا لە جامی ئاسیای 2023، عێراق لە ژاپۆنی بردەوە، هەڵبژاردەی ئۆڵیمپیی ژاپۆن، نایەوێت هەمان سیناریۆی هەڵبژاردەی یەکەمی بەسەردا دووبارە بکرێتەوە.
 
گۆ ئۆوی راهێنەری ژاپۆن، سەبارەت بە یارییەکە گوتی "ئێمە بۆ یارییەکەی لەگەڵ قەتەر خۆمان باش ئامادەکردبوو و دەرکەوت یارییەکە زۆر قورسبوو. ئەمجارە بەرامبەر عێراق، بە دڵنیایەوە ئێمە پلانی جیاوازمان هەیە، بە بڕوای من یارییەکە زۆر قورس دەبێت، بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین باشترین پێشکێش بکەین، من دەمەوێت بجەنگم ئەمە کۆتایی بابەتەکەیە".
 
ئەرکی ئۆڵیمپیی عێراق ئاسان نییە، بەڵام رێگەی ئەو هەڵبژاردەیە بەئاسانتر لە رێگەی ژاپۆن دێتە بەرچاو. دەکرێ یارییەکەی ئەمجارە قورسترین تاقیکردنەوە بێت بۆ عێراق کە ئومێدی ئەوە دەکات، هاوینی ئەمساڵ یەکێک لە هەڵبژاردە بەشدارەکانی ئۆڵیمیپیادی پاریس بێت.
 
رازی شنێشل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق، باسی ئامادەکارییەکانی تیپەکەی بۆ یارییەکەی کرد و گوتی "ئامادەکاری بۆ ئەم یارییە تەواوکاری دەبێت بۆ یارییەکانی پێشوو، تەنیا یەک هەنگاو ماوە بۆ ئەوەی بگەین بە ئۆڵیمپیادی پاریس، یاریزانەکانمان کەمێک پشوویاندا و دەمانەوێت چاومان لەسەر لایەنی دەروونی و رێکخستن بێت، متمانەی زۆرم بە یاریزانەکانم هەیە و هەڵبژاردەی ژاپۆن هەڵبژاردەیەکی بەهێزە و کۆمەڵێک یاریزانی باشی هەیە و باش خۆیان بۆ ئەم پاڵەوانیەتییە ئامادەکردووە".
 
هەردوو هەڵبژاردە هیوای زۆریان بە یارییەکە و ویستی زۆر گەورەیان هەیە بۆ ئەوەی بگەن بە یاریی کۆتایی و لەهەمانکاتدا یارییکردن لە ئۆڵۆمپیاد دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەردوو تیپ، بۆیە هەردوولا مامەڵەی ژیرانە و بە ئاگابوون ئامانجی سەرەکییان دەبێت لە هەموو خولەکەکانی یارییەکەدا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە