لیڤاندۆڤسکی بارسێلۆنا شۆک دەکات و داوای باڵۆن دۆرەکەی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، یاریزانی پۆڵەندیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بە دەستنیشانکردنی دوو یاریزان وەک باشترین یاریزانانی ئێستای جیهان، هاوڕێکانی لە بارسێلۆنا تووشی شۆک دەکات. دەشڵێت "مێسی شایەنی باڵۆن دۆری 2021 بوو، و باڵۆن دۆری 2020ـم دەوێت".
 
لیڤاندۆڤسکی هاوڕێکانی لە یانەی بارسێلۆنا تووشی شۆک کرد بە هەڵبژاردنی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی و هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمان و جود بێلینگهامی ئینگلیزی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید بە باشترین یاریزانانی ئێستای جیهان
 
لیڤا لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئێستا کێ باشترین یاریزانی جیهانە؟ گوتی "زەحمەتە ئەوە دیاری بکەین، چونکە هێشتا یارییە ئەوروپییەکان ماون بۆ ئەنجامدان و یارییە یەکلاکەرەوەکانی چامپیۆنزلیگ، بەڵام لەم ساتەدا ئێمباپێ و بێلینگهام لە باشترین یاریزانەکانی جیهانن".
 
لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەی ئیلکلاسیکۆدا، بێلینگهام گۆڵێکی تۆمارکرد و سەرکردایەتی ریال مەدریدی کرد بۆ بردنەوە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە بارسێلۆنا.
 
پێش ئەوەش ئێمباپێ لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا دوو گۆڵی بۆ پاریس سانجێرمان لەدژی بارسێلۆنا تۆمارکرد و بووە هۆکاری بردنەوەی پاریس لە بارسا بە ئەنجامی 4-1 و دەرکردنی یانە کەتەلۆنییەکە لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
لەلایەکی دیکەوە، هێرشبەرە پۆڵەندییەکەی بارسێلۆنا، باسی باڵۆن دۆر و لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی کرد و گوتی "ساڵی 2021 لیۆنێل مێسی شایستەی باڵۆن دۆر بوو، چونکە ساڵی خۆی بوو".
 
ئەو گوتیشی "بیستوومە کە دەیانەوێت دوای چوار ساڵ باڵۆن دۆری 2020 بدەنە من. ئەگەر ئەوە رووبدات هیچ سووکایەتی نییە بۆ من و بە شانازییەوە قبوڵی دەکەم".
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، لەم وەرزەدا لەگەڵ بارسێلۆنا لە 43 یارییدا 20 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 ئەسیستیشی هەیە، کە گۆڵەکانی لە خولی ئیسپانیا 13 گۆڵە و لە چامپیۆنزلیگدا سێ گۆڵی هەیە و لە هەریەک لە جامی شای ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا دوو گۆڵی هەبوو.