تۆخێل: هەوڵ دەدەین چارەسەرێک بۆ بێلینگهام بدۆزینەوە
رووداو دیجیتاڵ
تۆماس تۆخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن ستایشی جود بێلینگهامی یاریزانی ریال مەدرید دەکات و سەرسامی خۆی بەو ئەستێرەیە دەردەبڕێت.
سبەی سێ شەممە، 30-4-2024، یانەی بایرن میونشن لە نێو یاریگەی ئالیانز ئارێنا میوانداری ریال مەدرید دەکات.
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەدا تۆخێل لەبارەی بێلینگهامەوە دەڵێت "جود یاریزانێکی ناوازەیە، ئەو لە بوندێسلیگاش باوەڕپێنەکراوبوو. شێوازی بەرەوپێشچوونی پێشانی دەدات کە کەسایەتییەکی چەندە گەورەی هەیە."
راهێنەری بایرن زیاتر دەڵێت "درێسی ریال مەدرید گووشار دەکاتە سەر هەر یاریزانێک کە یاری بۆ ئەو یانەیە دەکات، جود بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو مامەڵە لەگەڵ ئەو گووشارەدا دەکات، هەوڵ دەدەین لە رووبەڕووبوونەوەکەی نێوانمان چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە."
بێلینگام لەوەتەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە بە ئاستە بەرزەکەی سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. لەم وەرزەدا ئەستێرە ئینگلیزییەکە لەگەڵ لۆس بلانکۆس بەشداری لە 36 یاریدا کردووە و توانیویەتی 21 گۆڵ و 10 ئاسیست بکات.