ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا بەبێ ئامانج میوانداریی ڤالێنسیا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

پاش یەکلابوونەوەی چارەنووسی چاڤی هێرناندێز و رێکەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە مەشقدانی بارسێلۆنا، یانەکە رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەی لالیگا بەرامبەر یەکێک لە تیپە مەترسیدارەکان ئەنجامدەدات کە ڤالێنسیایە.
 
ئەگەرچی بۆ بارسێلۆنا وەرزی ئەمساڵ کۆتاییهات و دەستبەتاڵدەرچوونی تیپەکە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکانی ئەمساڵدا کۆتاییهات، بەڵام کۆتاییهێنان بە وەرزەکە بەباشترین ئامانج، بەتایبەت پاش دامرکانەوەی هەواڵ و دەنگۆکانی راهێنەری داهاتووی تیپەکە، ئامانجێک دەبێت، یانەکە لەپێناویدا دەجەنگێت.
 
بارسێلۆنا سەرکەوتنی بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەرکردووە، بەڵام بۆی گرنگە لە کۆتایی خولەکەدا پلەی دووەمی ریزبەندییەکە دەستەبەر بکات، تاوەکو جارێکی دیکە خۆی لە جامی سوپەری ئیسپانیادا ببینێتەوە کە داهاتی زیاتر بۆ یانەکە دەڕەخسێنێت.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دەڵێت "ئێمە چاومان لەسەر گرتنی پلەی دووەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیایە. رووبەڕووی رکابەرێکی قورس دەبینەوە، ئەوان زۆر هێرشبەرین. ڤالێنسیا رکابەرێکی نەناسراو نییە، ئێمە ستایلی یارییکردنی ئەوانمان باش شیکردووەتەوە. پێموایە ئەوان راهێنەرێکی باشیان هەیە کە دەزانێ چۆن تیپەکەی بەڕێوەببات. ئەو لەوێ ئەفسانەیە، پێموایە ئەوەی راهێنەری ڤالێنسیا دەیکات زۆر تایبەتە. یاریزانی لاوی پڕ لە وزە و ویستی هەن، ئەوەش بۆ ئێمە کێشەیە، ئێمە جارێ بیر لە پلانەکانی وەرزی داهاتووی خۆمان ناکەینەوە".
 
بەردەوامبوونی چاڤی هێرناندێز لە مەشقدانی بارسێلۆنا، یانەکەی لە سەرئێشە و قەرەباڵخییەکانی دەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتووی تیپەکە پاراست. بڕیارەکە هەروەها جارێکی دیکە جۆشوخرۆشی بۆ نێو ژووری جلگۆڕینی تیپەکە گەڕاندەوە، پاشئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا هەموو شتێکی لە چامپیۆنزلیگ و لالیگادا لەدەستدا.
 
چاڤی دەڵێت "بەپابەندبوون و باشییەکی تەواوەوە مەشقمانکرد. تیپێکی زۆر پابەندم بینی، لە رۆژانی رابردوودا کاتی باشمان بۆ مەشقکردن هەبوو. یاریزانەکان لە دۆخێکی زۆر باشدان. ئەوان ویستی بردنەوەی یارییەکەیان هەیە بۆ ئەوەی وەرزەکە بەرێگە و هەستێکی باشەوە کۆتایی پێبهێنین. ئەوە ئامانجی سەرەکیی ئێمەیە و من لای خۆمەوە دڵخۆشم، چونکە وەرزێکی دیکەش لەگەڵ یانەکە بەردەوام دەبم. ئاوەزم باشە و چاوەڕێی دەستپێکردنی ئامادەسازییەکانی وەرزی داهاتووم".
 
ڤالێنسیا ئەگەرچی ئەمڕۆژانە تیپێکی بەسەرئێشە نییە بۆ بارسێلۆنا، بەڵام پاڵنەری بەهێزی بۆ دەرکەوتن بەئاستێکی باشەوە لە یارییەکەدا هەیە، پاڵنەری بەدەستهێنانی کورسییەکی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتوو، کە دەکرێ لە زۆر رووی جیاوازەوە، سوود و قازانجی هەمەجۆر بە یانەکە ببەخشێت بۆ وەرزی داهاتوو.