پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵیکوتایە سەر یاریگەی بایرن میونشن


رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لەناکاو هەڵیانکوتاوەتە سەر یاریگەی ئالیانز ئەرێنای تایبەت بە یانەی بایرن میونشن، بۆ پشکنینی هەموو بەش و ژوورەکانی ئەو یانەیە.
 
رۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، پۆلیس لەناکاو داویەتی بەسەر یانەکەدا و هەڵکوتانە سەر یاریگەی یانەکەش، پەیوەندی بە تۆمەت و گومانی پارەسپیکردنەوەوە هەیە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، یانەی بایرن میونشن و هەموو بەرپرسەکانی ئێستای یانەکە، لە نێو لیستی تۆمەتباران و گومانلێکراوانی لای پۆلیسی ئەڵمانیا نین، لەو تۆمەتی پارەسپیکردنەوەیەی دراوەتە پاڵ یانەکە.
 
'بیڵد' زیاتر دەڵێ، بەرپرسەکانی ئێستای یانەکە تەنیا وەک شایەدحاڵ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
 
رۆژنامەکە وردەکاریی تۆمەتی پارەسپیکردنەوەکە و تێوەگلانی بەرپرسانی یانەکە و وردەکاریی دۆسێیەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاشکرایکردووە، ئەلیشەر ئۆسمانۆڤ، ملیاردێری رووسی، بەشێکە لە دۆسێیەکە، روونیش نییە پەیوەندی یانە باڤارییەکە بەو سەرمایەدارەوە چییە.
 
ئەم رووداوانە لە کاتێکدایە کە بایرن میونشن بەقۆناخێکی خراپ لەسەر ئاستی ئەنجامەکان و دۆخی تیپەکەیدا تێدەپەڕێت و لە وەرزی ئەمساڵدا ژمارەیەک شکستی یەک لە دوای یەکی کارگێڕیی و وەرزشیی، لە یانەکەدا روویاندا.
 
بایرن میونشن لە خولی ئەڵمانیا لە پلەی دووەمی ریزبەندییە. لە جامی ئەڵمانیا و چامپیۆنزلیگ لە ماوەی نزیکی رابردوودا، دەرکراوە.