نوێترین لێدوانی چاڤی لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی مێسی

 
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "نازانم روودەدات یان نا، بەڵام جارێ زووە باسی ئەوە بکەین."
 
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر ریال بێتیس لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا، کە بۆ کۆنسێرتەکەی بروس سپرینگستن، گۆرانیبێژی ئەمریکی دەچێتە یاریگەی مونتجویک کە وەرزی داهاتوو بارسا لەو یاریگەیە یارییدەکات و دەتوانن وەرزی داهاتوو مێسی لەو یاریگەیە ببینن؟ گوتی "بەڕاستی لەم پەیوەندییە تێناگەم، ئەمە چ پرسیارێکی فراوانە، کاتێک باس لە لیۆ دەکرێت، نازانین روودەدات یان نا، هێشتا زووە باسی ئەوە بکەین، سەرنجمان لەسەر یاریی بەرامبەر ریال بێتیس و بردنەوەی خولەکەیە، بردنەوەی نازناوی لالیگا بۆ ئێمە و یاریزانەکان زۆر گرنگە و ئارامییەکی زیاترمان پێدەبەخشێت، سەبارەت بەوانەی تازە دێن بۆ یانەکە، کە خولی ئیسپانیامان بردەوە باسی دەکەین، سەبارەت بە کۆنسێرتەکەی بروس حەزدەکەم بچم، بەڵام بلیتم نییە."
 
چاڤی ئەم قسانەی بەر لە یارییەکە و ئەنجامدانی کۆنسێرتەکە کرد، کە شەوی هەینی کۆنسێرتی گۆرانیبێژە ئەمریکییەکە ئەنجامدرا.
 
ماوەیەکی زۆرە هەواڵی ئەگەری گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا میدیای ئیسپانیا و جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان تەنیا دوو مانگی ماوە و هێشتا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان یاریزانەکە و یانەکە نییە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان.
 
خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا دەڵێت "بەرای من گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا زۆر زەحمەتە رووبدات."