ئەمشەو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ ئەوەی لە خولی تۆپی پێی سعودیەدا لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی وەک پێویست نین و هاوشێوەی وەرزەکانی رابردوو رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە ناکات، لەگەڵ ئەوەی ئەنجامەکانی جێگەی نیگەرانن و هاندەران لێی ناڕازین، بەڵام دەیەوێت بەبردنەوەی یاریی یەکەمی کۆتایی چامپیۆنزلیگ وەڵامی هەموو رەخنەکان بداتەوە و هەنگاو بۆ بردنەوەی نازناوی پێنجەمی گەورەترین پاڵەوانێتی یانەکانی ئاسیا بنێت.
 
ئەمە چیرۆکی یانەی هیلالی سعودییە، بەرلەوەی ئەمشەو بەرامبەر یانەی ئوراوا رێد دایمۆندزی ژاپۆنی یاریی بکات، کاتێک کاژێر 20:30 لە یاریگەی شا فەهد، لە یاریی چوونی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
هیلال وەرزی دووەمە لەسەریەک دەگاتە یاریی کۆتایی و پاڵەوانی وەرزی رابردووە، خاوەنی 4 نازناوی چامپیۆنزلیگە و زۆرترینجار نازناوەکەی بردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە خولدا ئەنجامەکانی جێگەی دڵخۆشی نین، بەڵام ئەوەی شتێکی دیکەیە و یارییەکەی ئەمشەویش شتێکی دیکە، بۆیە ئودیۆن ئیهالۆ، مارێگا و میشێل دێلگادۆ جگە لە بردنەوە بە هیچ ئەنجامێکی دیکە هاندەرانی تیپەکە دڵخۆش ناکەن، لە کاتێکدا هەریەکە لە گوستاڤۆ کۆیار و ئاندرێ کاریۆ بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن.
 
لە بەرامبەردا یانەی ئوراوا رێد، خاوەنی 2 نازناوی چامپیۆنزلیگی ئاسیایە، یارییەکەی ئەمجارەیان دووبارەکردنەوەی یاریی کۆتایی ساڵی 2019ـەیە، کە ئەو کاتە بە هیلال دۆڕان و نازناوەکەیان لەدەستدا، ئەمجارە ژاپۆنییەکان نایانەوێت ئەو سیناریۆیە دووبارەببێتەوە و هەموو ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە باڵادەستی یانەکەی سعودیە و بردنەوەی نازناوی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە.
 
هیلال و ئوراوا مێژووییەکی گەورەیان لە تۆپی پێی ئاسیادا هەیە، دوایین نازناو کە ئوراوا بەدەستیهێناوە بەرامبەر هیلال بووە لە 2017، دوایین نازناویش کە لەدەستی دابێت هەر بەرامبەر ئەو یانەیە بووە لە 2019، ئەوان دەیانەوێت ئەوەی یەکەمیان دووبارەبکەنەوە.
 
تیپە ژاپۆنییەکەش هاوشێوەی رکابەرە سعودییەکە لە خولی ناوخۆی وڵاتەکەیدا ئەنجامەکانی وەک پێویست نین و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندە، بەڵام ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەوانە یاریی یەکەم لە دەرەوەی یاریگەی خۆیانە و یاریی گەڕانەوە لەنێو هاندەرانیان دەبێت، بۆیە هاتنە دەرەوە بە ئەنجامێکی باش لە یاریی یەکەمدا هەلی بردنەوەی نازناوەکە بۆ ئەوان زیاتر و بەهێزتر دەکات.