ئەمشەو ئۆڵمپیکۆ بلیتی چامپیۆنزلیگ دەداتە رۆما یان میلان؟

29-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن سێریا ئەی رۆما میلان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە رووبەڕووبوونەوەیەکی قورس و گرنگ و تاڕادەیەکی زۆر چارەنووس دیاریکەدا، رۆما لە یاریگەی ئۆڵمپیکۆ میوانداری یانەی میلان دەکات. ئەمە یاری لووتکەی گەڕی 32ی سێری ئا دەبێت.
 
ئەگەر هەموو کاتێک بەریەککەوتنی رۆما و میلان وەک پێکدادانی دوو جەمسەری گەورەی تۆپی پێی ئیتاڵیا تەماشا بکرێت، ئەمجارە یارییەکە دیوێکی دیکەی گرنگتر لە خۆ دەگرێت، دیوی هەوڵدانی هەردوو یانە بۆ مانەوە لە نێو ئەو چوارگۆشە زێڕینەی وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ دەبێت.
 
هەردوو یانە بەر لە یارییەکە 56 خاڵیان هەیە و پلەکانی چوارەم و پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیان گرتووە.. هەردوو یانەش لە دوو پاڵەوانێتی جیاوازی ئەوروپیدا، لە چوارگۆشەی زێڕینن، لە کاتێکدا میلان چاوی لە گەیشتن بەیاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگە، رۆما هەوڵدەدات بگاتە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ.. ئێستا ریزبەندی هەردوو یانە لە سێری ئادا، بەدوای یەکدا دێت، میلان پلەیەک لەسەرووی رۆماوەیە.
 
ئەوە هەر تەنیا میلان و رۆما نین دەست بەگەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتووەوە دەگرن، ئینتەرمیلانیش کە 54 خاڵی هەیە و یارییەکی گرنگی بەرامبەر بە لازیۆ هەیە، هەمان ویست و خەونی هەیە.. ئاتلانتاش زۆر دوور نییە لەو ریزبەندییە و لە پلەی حەوتەمە بە 52 خاڵ.
 
ئەم لێکنزیکی و هەوڵەی چەندین یانە بۆ کورسییەکی چامپیۆنزلیگی داهاتوو، وا دەکات ئەو چەند گەڕەی لە خولەکەدا ماون، یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز و پڕ لە رکابەری بن.
 
بۆ یارییەکەی ئۆڵەمپیکۆ، میلان لە تواناکانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، بۆبیگا و فلۆرێنزی بێبەش دەبێت، لە کاتێکدا هەواڵە خۆشەکە بۆ میلانیستا ئەوەیە کە ئۆلیڤێ ژیرۆی هێرشبەر لەگەڵ تیپەکەدا مەشقیکردووە و بۆ یارییەکە ئامادەیە.
 
لە رۆما، هەریەکە لە ئاندریا بیلۆتی و پاولۆ دیبالا گومانی زۆریان لەسەرە توانای بەشداریکردن لە یارییەکەیان هەبێت. گەرچی دیبالا رایگەیاندووە پشکنینەکان دەریانخستووە پێکانێکی ئەوتۆی نییە و دەکرێ لە یارییەکەدا بەشداری بکات.
 
تەنیا پێکانەکان نین کە باڵ بەسەر رووداوەکانی یارییەکەدا دەکێشن، مێژووی رووبەڕووبوونەوەکانی راهێنەرانی هەردوو یانەش، مەترسییەکی دیکە لەسەر تواناکانی رۆما بۆ بردنەوەی یارییەکە دروستدەکەن. جۆزێ مۆرینیۆ گەرچی تیپەکەی لە یاریگەی خۆیدا یاریدەکات، بەڵام تۆماری ئەو راهێنەرە بەرامبەر ستیفانۆ پیۆلی تۆمارێکی باش نییە.
 
مۆرینیۆ لەوکاتەوەی لە رۆمایە، لە سێ یارییدا، هیچ سەرکەوتنێکی بەسەر پیۆلیدا بەدەستنەهێناوە.. وەرزی رابردوو هەردوو یاریی چوون و هاتن بەسەرکەوتنی میلان کۆتاییان هات و لە یاریی یەکەمی ئەمساڵیشدا، پیۆلی نزیکبوو لەوەی بردنەوەی سێیەم بەدەست بهێنێت کاتێک بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر پێشکەوت، بەڵام رۆما لە دوا ساتەکاندا ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە