یۆرۆپالیگ: یانەکانی پرێمەرلیگ دەیانەوێت هەنگاوێک لە یاریی کۆتایی نزیکببنەوە

29-04-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یۆرۆپالیگ مانچێستەر یونایتد ئارسیناڵ
A+ A-

رووداو دیجیتال

وەک چۆن دوو یانەی ئینگلیزی لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا باشتر لە رکابەرەکانیان یارییان کرد و خۆیان لە یاریی کۆتایی نزیککردەوە، دوو یانەی دیکەش لە پێشکۆتایی یۆرۆپالیگدا دەیانەوێت باڵادەستی ئینگلیزەکان بەسەر ئەوروپادا بسەلمێنن و هەنگاوێک بەرەو یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بهاوێژن.

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، دوو یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ بەڕێوەدەچن، کە لە یەکەمیاندا مانچێستەر یونایتد لەسەر یاریگەی ئۆلترافۆرد میوانداری رۆمای ئیتالی دەکات و لە دووەمیشیاندا ڤیاڕیالی ئیسپانی دەبێتە میوانی ئارسیناڵ.

مانچێستەر یونایتد بە چەندین خاڵی بەهێزەوە دەچێتە نێو یارییەکەوە، یەکەمیان گەیشتنیەتی بەم قۆناخە لەسەر پشتی ژمارەیەک لە تیپە گەورەکانی، وەک میلان کە لە قۆناخ 16ـدا لێیبردەوە، دواتر لە قۆناخی چارەگی کۆتاییدا لە یانەی گراناداشی بردەوە.

مانچێستەر یونایتد - رۆما 22:00

دووەمیشیان لەسەر ئاستی پرێمەرلیگدا دووەمە، کە سەرەڕای ئەوەی 10 خاڵ لەدوای مانچێستەر سیتی رکابەرییەوەیە، بەڵام هەر لە ئێستاوە بوونی خۆی لە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگدا مسۆگەرکردووە.

شەیتانە سوورەکان بە پێکهاتەیەکی تەواوەوە دەچنە نێو یارییەکەوە و تەنیا فیل جۆنزی بەرگریکاری لەدەستداوە، بەڵام ئەویش بەشێوەیەکی سەرەکی و بەردەوام یاریی ناکات، هەروەها ئەنتۆنی مارسیالی هێرشبەری فەرەنسیش پێکراوە و یاری ناکات. 

لە بەرامبەردا رۆما لە کاتێکدا دەچێتە نێو یارییەکەوە، کە کاتێکی زۆر هەستیار لە سێریا ئەیدا بەسەردەبات، چونکە حەوتەمی ریزبەندییە بە کۆکردنەوەی 55 خاڵ، کە ئەم پلەش بۆ ساڵی داهاتوو نایگەینێتە هیچ پاڵەوانێتییەکی ئەوروپا، بۆیە تاکە رێگە گەیشتنە با یاریی کۆتایی و بردنەوەی نازناوەکە، بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا لەسەر ئاستی ئەوروپا بمێنێتەوە.

لەسەر ئاستی یۆرۆپالیگدا، رۆما ورەبەرزە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئایاکسی هۆڵەندی دوورخستەوە، کە بەربژێرێکی بەهێزی نازناوەکە بوو، ئەگەرچی رۆما لە تواناکانی کۆمەڵێک لە یاریزانە بەتواناکانی بێبەش دەبێت، وەک ئەنتۆنیۆ مێرانتێی گۆڵپارێز،  ریکاردۆ کالفیۆری بەرگریکاری ئیتالی، نیکۆلۆ زانیۆلۆی یاریزانی هێڵی ناوەڕاست و پیدرۆ رۆدریگزی هێرشبەری ئیسپانی.

ئەمە حەوتەم رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو تیپە دەبێت لە پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپادا، کە مانچێستەر یونایتد تەنیا جارێک دۆڕاوە و 4 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و جارێکیش یەکسانبوونە.

لە دوایین 12 یارییدا بەرامبەر یانە ئیتالییەکان، شەیتانە سوورەکان تەنیا جارێک بە یوڤێننتوس دۆڕاون، ئەویش لە وەرزی 2018 - 2019 بووە.

یاری دووەم  لەسەر یاریگەی لا سیرامیکا بەڕێوەدەچێت و ڤیاڕیال پێشوازی لە ئارسیناڵ دەکات، کە یانە ئینگلیزەکە ورەبەرزە بە گەڕانەوەی هەردوو هێرشبەرەکەی، ئۆبامیانگ و لاکازێت.

ئارسیناڵ لە پرێمەرلیگدا لە دۆخێکی شەرمەزارانەدایە و پلەی دەیەمی ریزبەندی گرتووە، بۆیە تاکە رێگە لە بەردەم ئارتێتای راهێنەر و یاریزانەکانیدا یۆرۆپالیگە، بۆ ئەوەی بتوانن رووی خۆیان بەرامبەر جەماوەرە بەرفراوانەکەیان سپی بکەنەوە.

ڤیاڕیال حەوتەمی لالیگایە و ئەگەر بتوانێت بگاتە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ شانازییەکی گەورە لە مێژووی خۆیدا تۆماردەکات.

ئەمە پێنجەم رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانە دەبێت لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا، ڤیاڕیال هیچ یارییەکی لە ئارسیناڵ نەبردووەتەوە، کە دووجار پێیدۆڕاوە و دووجاریش یەکسانبوونە.


یارییەکانی ئەمشەو:

مانچێستەر یونایتد - رۆما 22:00
ڤیاڕیال - ئارسیناڵ 22:00

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە