ركابه‌ره‌كانى قۆناخی پێشکۆتایی تێنسی شتوتگارت ئاشكرا بوو

29-04-2017
رووداو وەرزشی
 تێنسی شتوتگارت
تێنسی شتوتگارت
نیشانەکردن تێنسی شتوتگارت
A+ A-

رووداو -سلێمانى 

ماریا شاراپۆڤای رووسی، سیمۆنا هالێپی رۆمانی، لۆرا سیگمۆندی ئەڵمانی و کریستینا میلادینۆڤیچی فەرەنسی گەیشتنە قۆناخی پێشکۆتایی تێنسی شتوتگارت.

لە پاڵەوانێتی تێنسی شتوتگارتدا شاراپۆڤا خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە و بەڵام ئەوانی دیکە هەرگیز نازناوەکەیان بەدەستنەهێناوە. 

هەریەکە لە سیمۆنا هالێپی رۆمانی، ماریا شاراپۆڤای رووسی، کریستینا میلادینۆڤیچی فەرەنسی و لۆرا سیگمۆندی ئەڵمانی خۆیان گەیاندە قۆناخی پیشکۆتایی تێنسی شتوتگارت.

سیمۆنا هالێپی رۆمانی و چوارەمی ریزبەندی تێنسزانان رووبەڕووی ئاناستاسیا سیڤاستۆڤای لاتیڤی بووەوەو یارییەکەی بە دوو کۆمەڵەی بێ وەڵام لێبردەوەو گەیشتە یاریی پێش کۆتایی.
ئەمە دووەمجارە سیمۆنای 25 ساڵ خەونی ئاناستاسیای خاوەن پلەی 26ی جیهانی لە ناو دەبات، کاتێک لە فایناڵی تێنسی بوخارێستیش نەیهێشت نازناوەکە بباتەوە.

لە یارییەکەی دیکەدا لۆرا سیگمۆندی ئەڵمانی گەیشتە یاریی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە، کاتێک لە کارۆلینا بلیسکۆڤای چیکی بردەوە.

لە یارییەکی دوورو درێژی  نێوان  لۆرا و کارۆلینا کە زیاتر لە سێ کاژێری خایاند، هەردوو یاریزان بوونە خاوەن کۆمەڵەیەک، بەڵام لە کۆمەڵەی سێیەمدا، لۆرا توانی سەرکەوتن بەدەستبێنێت، کاتێک ئەنجامی یارییەکەی کردە دوو کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک.

لۆرای 29 ساڵ، پاش کەمێکی دیکە لە یاریی پێش کۆتایی رووبەڕووی سیمۆنا هالێپی رۆمانی دەبێتەوە، هەردوو یاریزان هەولی زۆر دەدەن بۆ یەکەمجار لە کاروانی وەرزشی خۆیان نازناوەکە بەدەستبێنن.


لەلایەکی دیکە، کریستینا میلادینۆڤیچی فەرەنسی رووبەڕووی کارلا سوارێزی ئیسپانی بووەوە لەسەر پشتی ئەو خۆی گەیاندە یاریی پێشکۆتایی، کاتێک بە دوو کۆمەلەی بێ وەڵام لێی بردەوەو کارلای لە پاڵەوانێتییەکە دوورخستەوە.

کریستینای تەمەن 18 ساڵ لە پاڵەوانێتییەکەدا ئاستێکی سەرسوڕهێنەر پێشکەش دەکات و لە قۆناخی پێشوودا سوپرایزی کرد، کاتێک ئانجلێک کێربەری ئەڵمانی و پێشەنگی خانمە تێنسزانانی جیهان لە پاڵەوانێتییەکە کردە دەرەوە، چاویشی لەوەیە یەکەم نازناوی خۆی لە تێنسی شتوتگارت بەدەستبێنێت. 

ماریا شاراپۆڤای رووسیش، دوای 15 مانگ دابڕان لە هەموو پاڵەوانێتییەکان بە هۆی سزادانی بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی وزەبەخشی قەدەخەکراوەکان، یەکەم بەشداری لە تێنسی شتوتگارتدا کرد و سێ یاریی لەسەریەک بردەوەو لە دوا یاریشدا لە ئانیت کۆنتاڤێتی ئیستۆنی بردەوە بە دوو کۆمەڵەی بێ وەڵام و گەیشتە یاریی پێش کۆتایی.

شاراپۆڤای شۆخ و شەنگ ئەمڕۆ شەممە لە پێشکۆتایی رووبەڕووی کریستینا میلادینۆڤیچی دەبێتەوە و دەیەوێ چوارەم نازناوی خۆی لە پاڵەوانێتییەکە بەدەستبێنێت، چونکە شارا بەر لە سزادانی یەکەمی بێ رکابەری پاڵەوانێتییەکە بوو و سێ نازناوی یەک بەدوای یەکدا بەدەستهێنابوو.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە