رووداو دیجیتاڵ
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگ و پسپۆر لە بواری گواستنەوەی یاریزانان هەموو ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن گوایە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان، بەشێوەیەکی کاتی دەچێتە ریزەکانی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی و هاوشانی لیۆنێل مێسی یاری دەکات.
لەم رۆژانەدا زۆر لە میدیاکانی جیهان باس لە بەشداریکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی لە جامی جیهانی یانەکانی 2025 دەکەن.
لەگەڵ بەشدارینەکردنی نەسڕ لە جامی جیهانی یانەکاندا، زۆر لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەرکەوتن کە ئاماژەیان بەئەگەری بەشداریکردنی رۆناڵدۆ لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکرد لە رێگەی پۆشینی درێسی یانەی هیلالی سعودییەوە.
لەم هەفتەیەدا هەواڵی زیاتر دەرکەوت سەبارەت بەئەگەری گواستنەوەی یاریزانە تەمەن 40 ساڵەکە بۆ ئینتەرمەیامی بەشێوەیەکی کاتی بۆ ئەوەی شانبەشانی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی لە مۆندیالدا یاری بکات.
لای خۆیەوە رۆژنامەنووسی ئیتاڵی فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزا لە گواستنەوەی یاریزان و راهێنەران لە ئەورووپا، هەموو ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە.
فابریزیۆ لەڕێگەی ئەکاونتی خۆیەوە لە ماڵپەڕی "X" پشتڕاستی کردەوە کە هەموو ئەو شتانەی کە لەسەر ئەم بابەتە دەگوترێن تەنیا دەنگۆی بێ بنەمان.
رۆناڵدۆ و مێسی پێشتر لە یەک تیپدا یارییان نەکردووە، ئەمەش وایکردووە ئەم سیناریۆیە وەک خەونێک دەرکەوێت بۆ زۆر لە هاندەرانی ئەو دوو یاریزانە، کە ماوەیەکی زۆرە زاڵن بەسەر تۆپی پێدا.
ئینتەرمەیامی بەبڕیاری جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا بەشداری لە جامی جیهانی یانەکاندا دەکات، کە دوای ئەوەی ساڵی رابردوو تیپەکە قەڵخانی هاندەرانی ئەمریکای بردەوە، بەشداریکردنی یانەکەی لە پاڵەوانێتییەکەدا راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ