ڤان دایک لەگەڵ ئەفسانەکانی هۆڵەندا شەڕیەتی

29-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤێرجل ڤان دایک هەڵبژاردەی هۆڵەندا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤێرجل ڤان دایک، بەرگریکەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، وەڵامی ئەفسانەکانی هەڵبژاردەکەی دایەوە کە رەخنەی تووندیان لە ئاستی گرتبوو.
 
پێشتر دوای شکستی هەڵبژاردەی هۆڵەندا بەرامبەر فەرەنسا لە دەستپێکی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024، هەریەکە لە مارکۆ ڤان باستن و رۆد گۆلێت، رەخنەی تووندیان لە ئاستی ڤێرجل گرتبوو.
 
لە یارییەکەدا هۆڵەندا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بە فەرەنسا دۆڕا.
 
ڤان باستن لە باسی ڤێرجلدا گوتبووی ئەو یاریزانەیە کە پشێوی لە تیپەکەدا دروستدەکات و بێسەروبەرە. هەرچی گۆلێتە ئەوی بە بێباکی تۆمەتبارکردبوو.
 
ڤان دایک لە بەرامبەر ئەو دوو ئەفسانەیەی هەڵبژاردەکەیدا دەڵێ، "بەڕاست من بێسوودم؟".
 
ڤان دایک زیاتر دەڵێ، "هەمووان ئازادن لەوەی بۆچوونی خۆیان بڵێن. بەڵام پێوانەکان ناڕاستن. چۆن ئەوە دەکرێ؟ دەکرێ بڵێن من هیچکات نموونەیی نەبووم یان ئاستم جێگیر نییە. بەڵام ئێمە پێشتر سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە. یاریزانانی وەک ڤان باستن و رۆد گۆلێت ئەوە باشدەزانن کە هەموو یاریزانێک ئاستی بەرز و نزم دەکات".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "سرووشتییە کەس بەهەمان ئاستەوە بەردەوام نەبێت، هەموو کەسێک بەرز و نزم دەکات و بەردەوام بەدوای باشترین ئاستی خۆیدا دەگەڕێت. دەبێ خەڵک ئەو راستییە لەبیر نەکەن و بزانن کە سرووشتییە هەر یاریزانێک ئەو هەڵانە بکات، چونکە ئەوە بەشێکە لە تۆپی پێ و سرووشتی مرۆڤ ئاوهایە".
 
ڤان دایک ئەوە یەکەمجاری نییە رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە بەهۆی دابەزینی ئاستییەوە، پێشتر میدیای ئینگلتەراش گومانی زۆریان لەسەر تواناکانی ئەو وروژاندووە و باس لە خراپبوونی ئاستی دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە