ئەرجەنتین بە 7 گۆڵی بێبەرامبەر لە کوراساوی بردەوە

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یارییەکی دۆستانەدا، میوانداری هەڵبژاردەی کوراساوی کرد و بە ئەنجامێکی گەورە 7 بە هیچ لێیبردەوە، کە تێیدا لیۆنێل مێسی کاپتن لە ماوەی تەنیا 17 خولەکدا هاتریکی تۆمارکرد.
 
یارییەکە لەسەر یاریگەی ئۆنيكۆ مادری دی سيوداديس، لە ئەرجەنتین بەڕێوەچوو، کە ئەرجەنتینییەکان لە نیوەی یەکەمدا باڵادەستی خۆیان بەیەکجاری بەسەر یاریگە و یارییەکەدا سەپاند و 5 گۆڵیان تۆمارکرد.
 
هەڵبژاردەی میوان تەنیا 20 خولەک لە بەرامبەر پاڵەوانانی جیهاندا خۆڕاگربوون، تاوەکو لیۆنێل مێسی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ تانگۆ تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا 3 خولەک نیکۆلاس گۆنزالێس گۆڵی دووەمی تانگۆی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 33 نیکۆلاس گۆنزالێس ئاسیستێکی بۆ مێسی کرد و ئەویش گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد.
 
دوای دوو خولەکی دیکە، ئەمجارە مێسی ئاسیستێکی بۆ ئینزۆ فێرناندێز کرد و گۆڵی چوارەمی ئەرجەنتینی لێبەرهەم هات.
 
لە خولەکی 37 لیۆ پاسێکی لە لۆسێلسۆیەوە پێگەیشت و گۆڵی هاتریکی خۆی و پێنجەمی ئەرجەنتینی تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا سکۆلاری ریتمی یاریکردنی یاریزانەکانی هەندێک خاوکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیان دوو گۆڵی دیکە تۆماربکەن.
 
لە خولەکی 78 لێدانێکی سزا بۆ تانگۆ هەژمارکرا، بەڵام مێسی رەتیکردەوە سۆپەرهاتریک تۆماربکات، لەپێناو ئەوەی ئانخێل دیماریای هاوڕێی گۆڵ بکات، کە بەسەرکەوتوویی جێبەجێیکرد.
 
تەنیا 3 خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە، مۆنتێل بە ئاسیستێکی دیبالا گۆڵی حەوتەم و سەرکەوتنی ئەرجەنتینی تۆمارکرد و یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتاییهات.