فێرناندۆ سانتۆس: مەسەدۆنیا ئاسان نییە

رووداو دیجیتاڵ

فێرناندۆ سانتۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، پێیوانییە یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی مەسەدۆنیای باکوور ئاسان دەبێت، دەشڵێت "یارییەکە چۆن بۆ ئەوان یاریی ژیان و مردنە بۆ ئێمەش بەو شێوەیە".
 
ئەمشەو لە یاریی کۆتایی ئاراستەی سێیەمی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هەڵبژاردەی پۆرتوگال میوانداری هەڵبژاردەی مەسەدۆنیای باکوور دەبێتەوە، بۆ ئەوەی لەنێوانیاندا براوەی بلیتێکی مۆندیال دیاری بکرێت.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، فێرناندۆ سانتۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، قسەی بۆ رۆژنەماڤانان کرد و پەسنی رکابەرەکەیان دا و گوتی "زۆر بەباشی هەڵبژاردەی مەسەدۆنیای باکوور دەناسین، دەزانین ئەوان بە چ شێوازێک یاری دەکەن و ئامادەن بۆ یارییەکە، ئەوەی پێویستە ئێمە بیکەین ئەوەیە کە بەهەمان شێوازی ئەوان بجەنگێین".
 
فێرناندۆ سانتۆس، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "بیستوومە کە دەڵێن ئەمە یاریی مردن و ژیانە بۆ ئەوان، یان یاریی ژیانیانە، بۆ وڵات، یاریزانان و هەمووان، بەڵام یارییەکە بۆ ئێمەش هەروایە و پێویستە ئێمەش هەمان پەرچەکردارمان هەبێت و ئامانجەکەمان بپێکین".
 
راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیلی ئەوروپا، لە کۆتایی قسەکانیدا، دووپاتیکردەوە "دەبێت بە وزە و سووربوونێکی زۆرەوە یاری بکەین و قوربانی بدەین لەپێناو بردنەوە".