ڤان خال هێرشێکی توند دەکاتە سەر مانچێستەر یونایتد
رووداو دیجیتاڵ
لویس ڤان خال، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا جارێکی دیکە هێرشێکی توندی کردەوە سەر یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و بە یانەیەکی بازرگانی نێویبرد.
ڤان خال لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی دۆستانەی هەڵبژاردەی هۆڵەندا بەرامبەر ئەڵمانیا، کە ئەمشەو کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان لە هۆڵەندا دەکرێت، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و بە دەرفەتی زانی جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر ئەو یانە ئینگلیزییەی پێشتر راهێنەری بووە.
ڤان خال هۆشداری دایە ئێریک تین هاگی راهێنەری یانەی ئایاکس و داوایلێکرد نەبێتە راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد و گوتی "تین هاگ پێویستە ببێتە راهێنەری تیپێکی تۆپی پێ، نەک یانەیەکی بازرگانی".
میدیای هۆڵەندی و بەریتانی زۆر باس لەوە دەکات کە تین هاگ بەهێزترین بەربژێرە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا ببێتە راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد.
ڤان خال لەو بارەیەوە گوتی "پێموایە تین هاگ راهێنەرێکی گەورەیە، پێشتر زۆرجار ئەوەم دووبارە کردووەتەوە، ئەو باش و گونجاو دەبێت بۆ مانچێستەر یونایتد، بەڵام بەداخەوە کە ئەو یانەیە ئێستا بووەتە یانەیەکی بازرگانی".
راهێنەرە هۆڵەندییەکە، هەروەها گوتی "ئەوە بژاردەیەکی زەحمەتە، چونکە تۆ وەک راهێنەر دەبێت یانەیەکی تۆپی پێ هەڵبژێری نەک یانەیەکی بازرگانی".
ڤان خال، روونیشیکردەوە "رێنمایی تین هاگ دەکەم تیپێکی تۆپی پێ هەڵبژێرێت نەک یانەیەکی بازرگانی، ئەگەر بچێتە مانچێستەر یونایتد پێموانییە ئەوە بریارێکی دروست بێت".
پێشتر ڤان خال لە ماوەی نێوان 2014 تاوەکو 2016 راهێنەری مانچێستەر یونایتد بوو، کە لە دوای رۆیشتنی ئەلیکس فێرگسۆن یەکەم نازناوی بۆ یانەکە بەدەستهێنا، کە جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بوو لە ساڵی 2016.