مێسی دەگەڕێتەوە بارسا؟ سەرۆکی بارسێلۆنا وەڵام دەداتەوە

29-03-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، رەتیکردەوە هیچ نیازێک هەبێت بۆ گەڕاندەنەوەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ ریزەکانی یانەی کەتەلۆنی و دووپاتیکردەوە "بیر لە گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا ناکەینەوە".
 
بەمدواییە هەندێک لە میدیاکانی ئیسپانیا باسیان لەوە دەکرد، کە مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان ئاسوودە نییە و دەیەوێت بگەڕێتەوە ریزەکانی بارسێلۆنا، بەڵام هیچ شتێکی فەرمی تاوەکو ئێستا لە لایەن مێسی و بارسێلۆنا نەبوو، تاوەکو لاپۆرتا راشکاوانە قسەی لەبارەوە کرد.
 
لاپۆرتا لە لێدوانێکدا، بۆ میدیاکاران، گوتی "سەبارەت بە ئەگەرەکانی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا، من هیچ پەیامێکم لە مێسی یان نوێنەرەکانییەوە پێنەگەیشتووە لەبارەی گەڕانەوەی، لە راستیدا ئێستا ئێمە بیر لە گەڕانەوەی لیۆ ناکەینەوە".
 
ئەو زیاتر گوتی "ئێمە تیپێکی لاو دروستدەکەین، لەگەڵ چەند یاریزانێکی خاوەن ئەزموون، بەڵام لیۆ هەر بە لیۆ دەمێنێتەوە، ئەو باشترین یاریزانی جیهانە و هەمووان دانیان بەمەدا هێناوە".
 
سەرۆکی یانەی کەتەلۆنی، گوتیشی "مێسی وەک کەسێک و وەک یاریزان شایەنی رێزلێنانە، بەڵام ئێستا هیچ پەیوەندییەکمان لەنێواندا نییە و قسەی لەگەڵ ناکەم، ئەو لە پاریسە، بەڵام بەسۆزەوە باسی دەکەم".
 
خوان لاپۆرتا مژدەیەکیشی بە هاندەرانی بلاوگرانا دا و دووپاتیکردەوە "دوو گرێبەستمان بۆ وەرزی داهاتوو یەکلاییکردووەتەوە، یەکێکیان یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە و یەکێکیشیان لە دڵی بەرگری یاریدەکات، بەڵام رێگەپێدراو نییە ئێستا ناویان ئاشکرا بکەم".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی بارسێلۆنا، باسی جواو فیلیکس، هێرشبەری پۆرتوگالیی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی کرد، کە هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لە ویستی بارسا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە دەکەن، گوتی "جواو فیلیکسم خۆشدەوێت، زۆر خۆشحاڵ دەبم کە دەبینم ئەو یاری دەکات، لە هاوینی رابردوودا هەوڵماندا لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید ئاڵۆگۆڕێک لەنێوان جواو و گریزماندا بکەین، بەڵام هەوڵەکەمان سەری نەگرت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە