چارەنووسی خولی کوردستان دوای کۆرۆنا چی بەسەردێت؟

29-03-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان ڤایرۆسی کۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆکی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی کوردستان رایگەیاند، دوای تەواوبوونی ماوەی قەدەخەکردنی هاتوچۆ دەتوانین یارییەکانی خولی یانە نایابەکانی کوردستان بەڕێوەببەین.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، رۆژی 11ی ئەم مانگە لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکیتی تۆپی پێی کوردستان سەرجەم چالاکییەکانی راگرت.

رووداو لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا بۆ هەڵسەنگاندن و ئەگەرەکانی دەستپێکردنەوەی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان، ئەوەی ئاشکراکردووە کە هەر لەگەڵ هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ کە بڕیارە لە رۆژی 1/4 تەواوبێت،  بە مەرجێک ئەگەر بۆ جارێکی دیکە درێژ نەکرێتەوە، ئەوا رکابەرییەکانی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکەنەوە.

سەفین کانەبی، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکیدا بە رووداوی گوت، ئێمە چاوەڕوانی تەواوبوونی وادەی قەدەخەکردنی هاتۆچوو و بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بتوانین یارییەکانی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەببەین و وەرزێکی نوێی خولی فوتساڵی کچانی کوردستان دەست پێ بکەین.

کانەبی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە دوای تەواوبوونی ماوەی قەدەخەی هاتۆچوو، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدەین بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی تەواوکردنی رکابەرییەکانی خولەکە بدەین.

ئەو سەرۆکەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان ئەوەشی دووپاتکردەوە کە گیان و سەلامەتی یاریزانان و هاونیشتیمانیانی کوردستان زۆر لە بەڕێوەبردنی یارییەکان گرنگترە، داواشی لە خەڵک و هەوادارانی وەرزشی کرد کە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.

سەفین کانەبی راشیگەیاند: هیواخوازن هەموو خەڵکی کوردستان و جیهان بە سەلامەتی ئەم نەخۆشییە تێپبەڕێنن.

رووداو زانیویەتی لە دوای کۆتاییهاتنی قەدەخەی هاتوچۆوە بڕیار لەسەر بەڕیوەبردنی یارییەکانی خولی فووتساڵی کچانی کوردستان دەدەن، کە دەبوو لە کۆتاییەکانی مانگی دووی رابردوو بکرایە، بەڵام بەهۆی هاتن و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەو خولەش دواخرا، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، خولی فووتساڵی کچان لە سەرەتای مانگی پێنچی ئەمساڵ بە شێوازی خول و بە دوو قۆناخ دەکرێن.

ئەمساڵ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئامادەکاریی دەکرد بۆ دروستکردنی هەڵبژاردەی کوردستان و بەشداریی کردن لە جامی کۆنیفای 2020 لە مەقدۆنیا، بەڵام لیژنەی باڵا لە نوسینگەی جێبەجێکردنی جامی کۆنیفا بەشێوەیەکی فەرمی بەڕێوەنەچوونی پاڵەوانێتیەکەی بە هۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند، بەمەش هەڵبژاردەی کوردستان ئەمساڵ بەشداریی هیچ کێبرکێیەک ناکات لە دەروەی هەرێمی کوردستان.

یارییەکانی خولی یانە نایابەکانی کوردستان بە بەشداریی سێزدە یانە بەڕێوەدەچێت، دوای ئەنجامدانی 16 گەڕ، یانەی نەورۆز بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە