پۆڵ پۆگبا بە تووندترین شێوە سزادرا


رووداو دیجیتاڵ

پۆڵ پۆگبا، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخشەوە بۆ ماوەی 4 ساڵ راگیرا.
 
دەستەڵاتدارانی ئیتاڵیا بڕیارێکی تووندیان لەبارەی پۆڵ پۆگباوەدا و ئەگەری هەیە بەو هۆیەوە یاریزانەکە بەیەکجاری بیر لە وازهێنان بکاتەوە.
 
میدیای ئیتاڵیا دەڵێت، بەپێی بڕیاری دادگەی وەرزشی، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد بڕیاردراوە، پۆڵ پۆگبا، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی یوڤێنتوس بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارکرابوو بە بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخش بۆ ماوەی 4 ساڵ لەسەرجەم چالاکییە وەرزشییەکان راگیرا.
 
یاریزانەکە هۆرمۆنی تیستیستیرۆنی بەکارهێناوە، کە بەهیچ شێوەیەک بۆ وەرزشوانان رێگەپێدراو نییە و بەو هۆیەوە یاریزانە فەرەنسییەکە سزادراوە.
 
پۆڵ پۆگبا، لە ماوەی رابردوودا جگە لەوەی بەهۆی لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخشەوە راگیرابوو، چەندجارێک تووشی پێکانبوو و لە یاریگەکان دوورکەوتەوە.
 
یاریزانەکە سزاکەی لە ئاداری ساڵی 2028 کۆتاییدێت، کە ئەو کاتە تەمەنی پۆگبا دەبێتە 35 ساڵ، لەکاتێکدا دوو هەفتەی دیکە یاریزانەکە تەمەنی دەبێتە 31 ساڵ، بەمەش پۆگبا بە ئەگەری زۆرە بیر لە وازهێنانی یەکجاری لە یارییکردن دەکاتەوە.