دیکۆ بەڕستەیەک چاڤی شۆک دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، مەرجی یانەکەی بۆ بەردەوامبوونی چاڤی هێرناندیز لە مەشقدانی یانەکە و پاشگەزبوونەوەی لە بڕیاری رۆیشتن ئاشکراکرد.
 
چاڤی هێرناندێز لە ماوەی رابردوودا و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا دەستلەمەشقدانی یانەی بارسێلۆنا هەڵدەگرێت.
 
لە هەفتەی رابردووەوە سەرچاوەکان لە بارسێلۆنا باسلەوەدەکەن بەرپرسانی یانەکە لەبەرئەوەی دۆزینەوەی راهێنەرێکی گونجاو بۆ تیپەکە بەزەحمەت دەزانن، بڕیاریانداوە چاڤی لە رۆیشتن پاشگەزبکەنەوە و رازیبکەن بەوەی لانیکەم، ساڵێکی دیکە لەگەڵ یانەکەدا بەردەوام بێت.
 
هەواڵەکانی هەوڵدانی بەرپرسانی بارسا بۆ پاشگەزکردنەوەی چاڤی لە بڕیاری رۆیشتنەکەی، هاوکاتن لەگەڵ ئەو دەنگۆ زۆرانەدا کە باس لە بوونی ناکۆکی قووڵ لە نێوان ئەو دوو کەسایەتییەی یانەکەدا دەکەن.
 
میدیای کەتەلۆنیا لەبارەی بەردەوامبوونی چاڤییەوە پرسیاریان لە دیکۆ کردووە، ئەو لە وەڵامێکی شۆکهێنەردا دەڵێ، "ئەگەر نازناوی چامپیۆنزلیگ ببەینەوە، ئەوکات دەکرێ لەگەڵ چاڤی قسە بکەین لەبارەی بەردەوامبوونیەوە".
 
نازناوی چامپیۆنزلیگ، دەکرێ تاکە نازناو بێت لەبەردەستی بارسێلۆنادا بتوانێت بەکردەنی رکابەریی لەسەر بکات، پاشئەوەی یانەکە لە جامی شا کرایە دەرەوە و جامی سوپەری ئیسپانیای دۆڕاند و لە خولی لالیگاشدا بەجیاوازیی حەوت خاڵ، لە دوای ریال مەدریدی پێشەنگەوە دێت.
 
بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگدا، یاریی چوونی قۆناخی شانزەی بەرامبەر ناپۆلی ئەنجامداوە و بەگۆڵێک لەگەڵی یەکسانبووە.
 
دیکۆ زیاتر گوتوویەتی، "رۆیشتنی چاڤی بڕیاری ئێمە نەبوو و بڕیاری خۆی بوو، ئێمە لەگەڵ ئەودا لە زەحمەتترین کاتەکانی خۆماندابووین، ئەگەر ئەو لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەزببێتەوە و بمێنێتەوە، ئەوکات ئێمەش لەبارەی بڕیارەکەوە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین".
 
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، کارگێڕیی بارسێلۆنا هەنگاوەکانی بۆ قۆناخی دوای چاڤی دەستپێکردووە و ئێستا یانەکە لە تەتەڵەکردن و لەبێژنگدانی ناوی ئەو راهێنەرانەدایە کە دەکرێ مەشقدانی تیپەکە لە ئەستۆ بگرن.