راهێنەری یانەی هەولێر بۆ رووداو: یاریگەکەمان بۆ یاری دەستنادات و سەرکەوتنمان دەوێت

29-02-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەمانە بەغدا
A+ A-
رووداو هەولێر 

لە گەڕی حەڤدەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 17:00 یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری میوانداری یانەی ئەمانە بەغدا دەکات. 
 
دوای چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە داراییەکانی تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر، یاریزانانی تیپەکە لەنێو کەشێکی ئارامدا دوایین راهێنان و ئامادەکارییان لەسەر یاریگەی برایەتی ئەنجامدا. 
 
هەولێر لە سێ یاریی رابردوویدا ئاستێکی باشی پێشکێشکردووە، کە دوای هاتنی حەیدەر عەبدولئەمیری راهێنەری نوێی، درێس زەردەکان یارییەکیان بردووەتەوە، لە دوو یاریشدا یەکسانبوونە، بۆیە ئەمجارە دەیانەوێت لەنێو یاریگەی خۆیاندا لە یانەی ئەمانە بەغدا ببەنەوە و بەتەواوی کۆتایی بە نیگەرانی هاندەرانیان بهێنن.
 
حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "بەهۆی کوالێتی و ئاستی باشی یاریزانەکان ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێرم وەرگرتووە، شێوازی یاریکردنمان پێکەوەیییە، بەڵام کێشەی سەرەکیمان خراپی چیمەنی یاریگەی خۆمانە و لەو یاریگەیەدا ئاستمان خراپە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەم یارییەش دەمانەوێت دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین". 
 
لەم یارییەدا سەرجەم یاریزانانی یانەی هەولێر ئامادەن و دەیانەوێت بەوەرگرتنی سێ خاڵ دڵی هاندەرانیان خۆش بکەن، تەنیا مستەفا قابیل ئەستێرەی لاوی تیپەکە بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور بەشداری ناکات. 
 
شێرکۆ کەریم، کاپتنی یانەی هەولێر، لەبارەی یارییەکەیان بۆ رووداو، گوتی "بەشێوەیەکی گشتی دوای هاتنی راهێنەری نوێ مۆراڵی یاریزانەکانمان بەرزبووەتەوە، هەموو هەوڵ و ماندووبوونمان لەپێناو دڵخۆشکردنی هاندەرانمانە". 
 
یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پلەی یازدەی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، بردنەوەی لە ئەمانە بەغدا هەڵوێستی لە ریزبەندیی یانەکان بەهێزتر دەکات و هەنگاو بەرەو پلەکانی سەرەوە دەنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە