فایزە لە مەدریدە

29-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فایزە عەماری مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، چوونی فایزە عەماری، دایک و بەڕێوەبەری کارەکانی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بۆ مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا ئاشکرا دەکات.
 
تۆڕی ریلیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە، فایزە عەماری دوێنێ بە یاوەری کەسانی نزیک لە ئێمباپێ گەیشتووەتە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکات بۆ هاتنی ئەو یاریزانە بۆ ریال مەدرید لە هاوینی داهاتوودا.
 
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆر بابەت هەیە کە فایزە کاریان لەسەر دەکات، گرنگترینیان گفتوگۆکانە لەگەڵ کارگێڕیی ریال مەدرید سەبارەت بە گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ مێرینگێ.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە گرنگترین کێشەکان کە فایزە عەماری دەبێت چارەسەری بکات شوێنی نیشتەجێبوونی یاریزانەکەیە، کە لەنێو بژاردەکانیشدا ناوچەی لا مۆرالێخا هەیە، کە تەنیا 5 خولەک لە شاری وەرزشیی ڤاڵدێبیباسەوە دوورە، و بێگومان ئەو بژاردەیە باشترینە بۆ ئێمباپێ بە بۆچوونی خودی کیلیان و دایکیشی.
 
کیلیان ئێمباپێ لە مانگی 12ـی ساڵی رابردووە بڕیاری بەجێهێشتنی یانەی پاریس سانجێرمانی داوە، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ئەوەی بە کارگێڕیی یانەکەی گوتووە لە هاویندا لە یانەکە دەڕۆم.
 
بەپێی سەرچاوەکان، کیلیان بۆ ماوەی 5 ساڵ رێککەوتنی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید کردووە، یاریزانەکە هەموو شتێکی یەکلابووەتەوە و تەنیا راگەیاندنی فەرمیی گرێبەستەکەی ماوە.
 
سەرەتا هەندێک لە سەرچاوەکان باسیان لەوە دەکرد کە دانوستاندنەکانی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و فایزە عەماری، دایک و بەڕێوەبەری کارەکانی ئێمباپێ، بەباشی بەڕێوەناچن بەهۆی زۆریی داواکارییەکانی دایکی کیلیان، تەنانەت باسیان لەوە دەکرد کە جیاوازییەکی گەورە لە تێڕوانینەکانی نێوان پێرێز و دایکی ئێمباپێدا هەیە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە هەردوولا لەسەر هەموو شتێک رێککەتوون و لە هاویندا ئێمباپێ درێسی سپیی ریال مەدرید لەبەردەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە