ڤیدیۆ؛ بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆی هەولێر چەند پەیامێکی دڵخۆشکەر بۆ هاندەران

 
رووداو دیجیتاڵ

حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری یانەی هەولێر لەبارەی کارکردنی لەگەڵ یانەکە و بارودۆخی تیپەکەی قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت "هەولێر توانای گەڕانەوەی هەیە و دەتوانێت هاوکێشەیەکی قورس بێت."
 
راهێنەری یانەی هەولێر لەبارەی پەیوەندیکردنی بە یانەکەوە بە رووداوی گوت "پێش یانەی هەولێر، نامەوێ بازاڕگەری بۆخۆم بکەم، بەڵام دەستەوارەی زۆرم پێگەیشت، یانەی زۆر بەناوبانگ و بەپارەی زۆر زیاتر لەوەی یانەی هەولێر دایان بەمن، بەڵام ئەوەی وایکرد هەولیر هەڵبژێرم ئەوەبوو کە من پێشتر یاریم بۆ ئەم یانەیە کردووە و وەرزەکەم لە خۆشترین وەرزەکانی کاروانی یارییکردنم بوو لەگەڵیاندا، هەروەها ئەوەش شتێکی گرنگە کە پەیوەستە بەجۆری ئەو یاریزانانەی لە تیپەکەدا هەن، یاریزانەکان باشن و نایابن، ئەم یاریزانانە دەتوانن کاری زۆر بکەن و هاوکاریی هەولێریش بکەن بۆ ئەوەی لە خشتەکەدا دۆخی لەوە باشتربێت کە هەیەتی."
 
حەیدەر عەبدولئەمیر لەبارەی یاریزانانی تیپەکەی و چیمەنی یاریگەی فرانسۆ هەریری زیاتر قسە دەکات و ڵێت "بێگومان من پێشتر گوتم، جۆری ئەو یاریزانانەی لە تیپەکەدا هەن، یاریزانی باش و لێهاتوون، دەمێنێتەوە هەندێک هۆکاری دیکە بۆ نموونە ئێمە کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان یارییدەکەین، ئاستی تیپەکە زۆر باشترە، چونکە چیمەنی یاریگەکانی دەرەوەی یاریگەی هەولێر زۆرینەیان زۆر باشن، بەڵام لە راستیدا لە نێو یاریگەی هەولێردا یاریزانەکان بەردەوام کێشەیان هەیە، گوێمان لێبووە کە حکومەت و پارێزگار چیمەنەکە دەگۆڕن و ئەمە باشە، بەڵام ئەمە هۆکاری سەرەکی نییە، چونکە ئێمە دەبێ یارییەکانی نێو یاریگەی خۆمان لە بەرژەوەندی خۆمان یەکلابکەینەوە،. هەولێر توانای گەڕانەوەی هەیە و دەتوانێت هاوکێشەیەکی قورس بێت بەرامبەر هەر تیپێک کە رووبەڕووی دەبێتەوە، هیوادارم بەخت یاوەرمان بێت و یاریزانەکان بگەرێنەوە دۆخی سرووشتیی خۆیان و متمانەیان بەخۆیان و دەستەی راهێنەران و هاندەران هەبێت و پشت بەخوا دەتوانین لە شوێنێکی باشتر بین لەوەی ئێستا لە خشتەکەدا هەمانە."
 
لەبارەی داواکاریی هاندەران بۆ رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق راهێنەری یانەی هەولێر گوتی "ئەم وەرزە یاریزانەکانمان کەمتەرخەمی ناکەن، هەمووان ئەوە دەکەن کە پێویستە بیکەن، ویستی ئێمە و کارگێڕییەکەش ئەوەیە لە ناوچەی بێمەترسیدابین. بەڵام ویستی هاندەران ئەوەیە کە ئێمە دوور بڕۆین و لە چوارگۆشەی زێڕین بین و ئەوەش دۆخێکی قورسە، چونکە ئەو بارودۆخەی بەسەر یانەکەدا هات قورسبوو."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەبدولئەمیر دەڵێت "بەهاوکاریی هەمووان هەندێک کێشەی دارایی چارەسەربوون و زۆرینەی یاریزانان گەڕانەوە بۆ تیپەکە و بێگومان ئەم کارانە هاوکاریمان دەکات، بەڵام بۆ داهاتوو، دەبێ پلانێکی راستمان هەبێت. من پێشتر لەگەڵ کارگێڕیی دانیشتووم و پێش کۆتایی هاتنی خولیش جارێکی دیکە لەگەڵیان کۆدەبمەوە و پلانی کاری راست دادەنێین لەگەڵ هێنانی ئەو یاریزانانەی دەتوانن رکابەریی بکەن. پاشان دێتە سەر ئامانجەکانی یانەکە، یانەکە چی دەوێت؟ رکابەری لەسەر نازناو؟ بێگومان ئەوە بودجەیەکی دەستنیشانکراوی جێگیری دەوێت تا بتوانین لەسایەیدا کاربکەین، هەروەها یاریزانی پیشەگەر و نێوخۆیی ئاستبەرز، لەپێناو رکابەریدا و ئەمانە هەموویان بەدڵنیاییەوە بێگومان قسەم لەگەڵ کارگیڕی کردووە لەسەریان و دواتریش قسەیان لەسەر دەکەینەوە، بەوردەکاریی زیاترەوە بەر لە کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵ، چونکە بەدڵنیاییەوە پیشەگەری ئاستبەرزمان دەوێت، لەگەڵ پشتگیرییەکی گەورەی دارایی لەلایەن حکومەتی نێوخۆیی و حکومەتی هەرێمەوە چونکە تۆ دەزانی زۆرینەی یانەکان چوار ملیاریان وەرگرتووە، یان ملیارێک تاوەکو دوو ملیار، بەڵام یانەی هەولێر و یانەکانی هەرێم پشتگیری نەکران و پشتگیرییەکە نەیگرتنەوە، لە کاتێکدا بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و هیوادارم چارەسەر بکرێت، چونکە پشتگیری دارایی زۆر گرنگە."
 
حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری یانەی هەولێر قسە لەبارەی ناوبژیوانان و بڕیارەکانیان لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا دەکات و بە رووداوی گوت "لەبارەی ناوبژیوانانەوە، ناوبژیوانەکانیش مرۆڤن و هەڵە دەکەن، هەموومان بۆی هەیە هەڵە بکەین، بەڵام لەگەڵ بوونی ڤاردا هەڵە بکەیت، ئەمە کارەساتە، دەبێ لیژنەی ناوبژیوانان لەسەر ئەم بابەتە رابوەستێت، دەبێ ئەم بابەتە چارەسەر بکات، ئایا هەڵەکە بەئەنقەستە یان بەئەنقەست نییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە تۆ ڤارت هەیە، حاڵەتەکە چەند جارێک تەماشا دەکەیتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا هەڵە دەکەیت، هیوادارم هەڵەکان بەئەنقەست نەبن و ئەو کێشانە بەزوویی چارەسەر بکرێن."
 
ئەم قسانەی راهێنەری یانەی هەولێر لەکاتێکدان، یانەکە ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 17:00 لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی ئەمانە بەغدا یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە بۆ ئەوەی زیاتر لە ریزبەندی خولەکەدا بچێتە پێشەوە.