رۆناڵدۆ لەسەر شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی سزادرا

29-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی تەمبێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، بەشێوەیەکی فەرمی سزادانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی یانەی نەسڕی راگەیاند، بەهۆی ئەو شێوازەی لە یاریی بەرامبەر یانەی شەباب ئاهەنگی پێگێڕا.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی نەسڕ و شەباب، لە رکابەرییەکانی گەڕی 21ـی خولی سعودیە، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵێکی تۆمارکرد و یانەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، شێوازی ئاهەنگگێڕانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد و یاریزانەکە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.
 
لیژنەی تەمبێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، لەسەر رووداوەکان هاتە دەنگ، دوای وەرگرتنی لێدوانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەبارەی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی بڕیارییدا بە سزانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە.
 
بەپێی راگەیێنراوی لێژنەکە، بەپێی ماددەی (57-1) لە یاسای لیژنەی تەمبێکار و رەوشت سەلمێنراوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانی یانەی نەسڕ سەرپێچیی کردووە و بەهۆی سکاڵای یانەی شەباب لە دژی ئەو یاریزانە، کە هەڵسوکەوتەکانی بووە هۆکاری تووڕەکردنی هاندەران، کریستیانۆ سزادەدرێت."
 
رۆناڵدۆ سزاکەی راگرتنە بۆ یەک یاری و بەپێژاردنی 30 هەزار ریالی سعودیش کە دەکاتە نزیکەی 8 هەزار دۆلار سزادەدرێت، بەمەش ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بەشداری لە یاریی ئەمڕۆی نێوان هەردوو یانەی نەسڕ و حەزم ناکات.
 
سزادانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەکاتێکدایە کە یاریزانەکە لەبەردەم لیژنەکەدا گوتبووی "ئەو هەڵسوکەوتەی کردوومە بەهیچ شێوەیەک بێڕێزی نەبووە بەرامبەر بە هیچ یانەیەک و رێزی هەموو یانەکان دەگرم، ئەم شێوازی ئاهەنگگێڕانە لە ئەوروپا نیشانەی هێز و سەرکەوتنە و لە ئەوروپا لەسەر ئەوە راهاتووین."
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم وەرزەی خولی سعودیدا ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات، 22 گۆڵی تۆمارکردووە و پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە، هەر خۆیشی بە 9 ئاسیست لە پێشەنگی گۆڵ دروستکارانی خولەکەیە.
 
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی 22ـی خولی سعودیە، یانەی نەسڕ کاژێر 20:00 میوانداریی یانەی حەزم دەکات، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوایین مەشقەکاندا بەشێوەیەکی ئاسایی راهێنانی کردووە، بەڵام یاریی ناکات.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە