رووداو دیجیتاڵ
لەکۆی ئەو 18 یارییە گرنگەی ئەمشەو لە دواگەڕی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەچن، یارییەکی گرنگ لەنێوان برێست و ریال مەدرید ئەنجام دەدرێت.
راهێنەری هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان قسەیان لەسەر یارییەکە بۆ میدیاکان کرد، کە ئەمەی خوارەوە پوختەی قسەکانیانە:
ئێریک رۆی، راهێنەری یانەی برێست:
ریال مەدرید هێشتا یەکێکە لە بەربژێران بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ، ئێمە زۆرجار ئەم جۆرە یارییانە بە 'کاتی پارە پەیداکردن' ناودەبەین، کاتێک هەموو ساتێک حسابی بۆ دەکرێت. کە کاتی بردنەوەی نازناوەکە هات ریال مەدرید هەمیشە ئەوەی لە توانایدایە پێشکەشی دەکات، ئەوان مێژوویان هەیە و دامەزراوەییەکەیان وایان لێدەکات ببنە تیپێکی جێی متمانە، تەنانەت ئەگەر بە قۆناخی سەختیشدا تێپەڕن ناتوانرێت بەدەربکرێن. پێدەچێت کەمێک لێرەدا ناهاوسەنگییەک هەبێت، چونکە دیمەنەکە لێرەوە لە فەرەنسا وا دەردەکەوێت کە ئەم وەرزە لە چامپیۆنزلیگدا کاتێکی سەخت بەسەردەبەن، بەڵام دواتر دەزانیت کە بەئاسوودەیی لە پێشەنگی لالیگادان. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە توانای رکابەریکردنیان هەیە تەنانەت کاتێک لە باشترین ئاستی خۆیاندا نین. ئەوان ئەو یانەیەن کە هەمیشە لە کۆتاییدا توانیویانە نازناوەکان بەدەستبهێنن. رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید ئاڵنگارییەکی گەورەیە.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
یارییەکی قورس دەبێت وەک هەمیشە، چونکە برێست تیپێکە لە چامپیۆنزلیگ ئاستێکی باش پێشکەش دەکات. ئەوان خاڵێکیان زیاترە لە ئێمە، و چانسی باشتریان هەیە لە ریزبەندییەکەدا. لەم یارییەدا ئامانجی گەورەمان هەیە و هەروەها ئەوانیش. ئێمە دەمانەوێت ئەم قۆناخەی خولەکە تەواو بکەین، کە قۆناخێکی زۆر ئاڵۆز بوو بۆ ئێمە، دەمانەوێت بەباشترین شێوە کۆتایی پێبهێنین لەڕووی ریزبەندییەوە.
پێموایە و هیچ گومانێکم لەوە نییە، کە من و یانەکە هەردووکمان دەمانەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر پێکەوە بمێنینەوە، مەگەر شتێکی سەیر رووبدات و هەندێک گۆڕانکاری رووبدەن، کە بێگومان ئەوە زۆر روودەدات لە تۆپی پێدا، بەڵام ئێستا لە دۆخێکی باشداین، متمانەیەکی زۆرمان هەیە، یانەکە متمانەی بە من هەیە و منیش متمانەم بەو شتانە هەیە کە یانەکە بۆم دەکات.
هەفتەی رابردوو گوتم، دەبینم کە ڤینیسیۆس دڵخۆشە بەیاریکردن لێرە، زۆر نازناوی لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێناوە، پێموایە شکۆمەندی هەڵدەبژێرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ