رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی و هاوڕێکانی لە یانەی ئینتەرمەیامی گەیشتنە شاری لیمای پایتەختی پێرو، کە یانە ئەمریکییەکە یارییەکی دۆستانە بەرامبەر یونێڤێرسیتاریۆ دی دیپۆرتێسی پاڵەوانی پێرو ئەنجام دەدات.
سەدان هاندەر لەبەردەم ئەو هۆتێلەدا کۆبوونەوە کە تیپەکە تێیدا دەمێنێتەوە، ئەمەش بووەتە دیمەنێکی باو لە هەر شارێکدا کە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بنیشێتەوە هاندەران بە دەرفەتی دەزانن بۆ بینینی خاوەنی 8 باڵۆن دۆر.
هاندەران چەند کاژێرێک چاوەڕێیان کرد پێش ئەوەی پاسی تیپەکە بگات، ئەوەی دەیانویست بەدەستیانهێنا کاتێک مێسی لە پەنجەرەی پاسەکەوە دەستی بۆ بەرزکردنەوە.
دوای یارییەکەی لیما، مێسی و ئینتەرمەیامی گەشت بۆ پەنەما دەکەن و لە 2ـی شوبات رووبەڕووی پاڵەوانی خولی ئەو وڵاتەش دەبنەوە، کە سپۆرتینگ سان میگێلیتۆیە.
دواتر یانەی ئینتەرمەیامی بەسەرکردایەتی لیۆنێل مێسی دەچنە هندۆراس بۆ رووبەڕووبوونەوەی سان پێدرۆ سولا لە 8ـی شوبات، پێش ئەوەی گەشتەکەیان بەیارییەک بەرامبەر ئۆرلاندۆ سیتی لە فلۆریدا لە 14ـی شوبات کۆتایی پێبهێنن.
بەر لە چەند رۆژێک کاتێک میسی بۆ یارییەکی دۆستانە چووە مەکسیک، لەلایەن هاندەرانی ئەو وڵاتەوە فیکەیان بۆ لێدا و مێسی کاردانەوەیەکی سەیری هەبوو، کە ئاماژەی بۆ هاندەرانی مەکسیک کرد و پێیگوتن وڵاتەکەم سێ مۆندیالی هەیە، بەڵام وڵاتەکەتان هیچ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ