رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی دەگمەن و ناوازە و لە شەوێکی مێژووییدا، یاریگەکانی ئەورووپا لە یەک کاتدا بەڕێوەچوونی 18 یاریی بەخۆوە دەبینن و ئەوەش دەبێتە رووداوێکی دەگمەن لە مێژووی تۆپی پێدا.
دوایین گەڕی یارییەکانی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگە و ئیدی چارەنووسی سەرجەم ئەو یانانە یەکلادەبنەوە کە ئەمساڵ لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشدارن، یان بەردەوامبوون و بیرکردنەوە لە هەنگاوی داهاتوو، یان کۆتایی و دەستبەتاڵ هاتنە دەرەوە.
سیستمە نوێیەکەی چامپیۆنزلیگ، ئەو سیستمەیە کە شەوە مێژووییەکەی لە چامپیۆنزلیگدا دروستکردووە، پێشتر مێژووی تۆپی پێ، رووداوێکی هاوشێوەی بەخۆوە نەبینیوە و شەوی گەڕی کۆتایی ئەمجارەش، ئیدی رووداوێک دەبێت، دەچێتە نێو رەفەی شانازییە گەورەکانی پێشووی چامپیۆنزلیگەوە.
سیستمە نوێیەکەی چامپیۆنزلیگ، تاوەکو بەردەم دوایین یاریی قۆناخی یەکەم، تەنیا سەرکەوتن و پەڕینەوەی دڵنیای بەهەردوو یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و بارسێلۆنای ئیسپانی داوە بۆ گەیشتن بەقۆناخی داهاتوو، لە کاتێکدا 34 یانەی دیکە، هەریەکە و بەئامانجێک و ویستێکەوە روو لە دوایین یاریی قۆناخەکە دەکەن.
دەکرێ شێوازە نوێیەکەی چامپیۆنزلیگ لە کۆتاییدا هەر رێگەی دڵخۆشبوون و پەڕینەوە بەکۆمەڵێک یانەی بەهێز و گەورەی ئەورووپا ببەخشێتەوە و رێگەی بەردەوامبوونیان لە پاڵەوانێتییەکە پێببەخشێت، دەشکرێ پێچەوانە بێت و هەندێک گەورەی ئەورووپا، لەسایەی سیستمە نوێیەکەی یۆفاوە، هەرزوو ماڵئاوایی بکەن.
ئەمڕۆ دواگەڕی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەچێت، کە لە دواگەڕی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا 18 یاری لە یەک کاتدا ئەنجام دەدرێن:
ئایندهۆڤن ـ لیڤەرپوول 23:00
بارسێلۆنا ـ ئاتالانتا 23:00
ئایندهۆڤن ـ لیڤەرپوول 23:00
بارسێلۆنا ـ ئاتالانتا 23:00
جیرۆنا ـ ئارسیناڵ 23:00، ئینتەرمیلان ـ مۆناکۆ 23:00
سالزبۆرگ ـ ئاتلێتیکۆ مەدرید 23:00
دینامۆ زاگریب ـ میلان 23:00
بایرلیڤەرکوزن ـ سپارتا پراگ 23:00
ئاستۆن ڤیلا ـ سێلتیک 23:00
لیل ـ فاینۆرد 23:00، برێس ـ ریال مەدرید 23:00
دۆرتموند ـ شاختار 23:00
بایرن میونشن ـ سلۆڤان براتیسلاڤا 23:00
یوڤێنتوس ـ بێنفیکا 23:00
مانچێستەر سیتی ـ کلەب برووج 23:00
شتوتگارت ـ پاریس سانجێرمان 23:00
شتورم گراز ـ لایپزیگ 23:00
سپۆرتینگ ـ بۆلۆنیا 23:00
یەنگ بۆیز ـ سێرڤینا زڤێزدا 23:00
یاریی 3 یانە گەورەکە گرنگترینن
لە نێوان ترسی نەپەڕینەوە و بەدیهاتنەوەی خەونی بەردەوامبوون لە چامپیۆنزلیگ، یانەکانی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دوایین گەڕی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ ئەنجامدەدەن. لە کاتێکدا ریال مەدریدی ئیسپانی خۆی لە شوێنێکی ریزبەندی خولەکەدا دەبینێتەوە، کە هێندەی جێگەی سەرسوڕمانە، هێندەی جێگەی قبووڵ نییە
ئەگەر ریال مەدرید ترووسکاییەکی ئومێدی هەبێت بۆ خۆ دەربازکردن لە قۆناخی پلەی ئۆف، سیتی و سانجێرمان ئەو ئومێدەیان نییە و تەنانەت مەترسیی ئەوەیان لەسەرە، زۆر زوو، ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ بکەن.
لە نێو ئەو 18 یارییەدا کە ئەمشەو لە چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەچن، دەکرێ یاریی مانچێستەر سیتی بەرامبەر کڵەپ بروجی بەلجیکی، سەرنجڕاکێشترینی شەوەکە بێت، چونکە یارییەکە، چارەنووسی دوو ساڵ لەمەوپێشی پاڵەوانێتییەکە دەخاتە ژێر مەترسیی گەورەوە.
مانچێستەر سیتی کە پاش ماوەیەک لە سڕبوون و ئەنجامی خراپ و لەدەستدانی خاڵ، ئێستا خۆی لە قۆناخی شۆڕشێکی گەورە لە ناوەڕاستی وەرزدا دەبینێتەوە، تەنیا یەک بژاردەی لەبەردەمدایە و ئەو بژاردەیەش بردنەوەیە. سەرکەوتن بەسەر بروجدا، تاکە ئومێدە لەبەردەم پێپ گواردیۆلا و یاریزانەکانیدا، بۆ ئەوەی ماڵئاواییەکی پێشوەختە لە پاڵەوانێتییەکە نەکەن.
گەورەیەکی دیکەی ئەورووپا کە ئەمشەو بەهەمان شێوە لەژێر مەترسیدایە، بەڵام کەمتر لەوەی سیتی هەستی پێدەکات، پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە.
سانجێرمان بەر لە رووبەڕووبوونەوەی شتوتگارت لە ئەڵمانیا، هاوشێوەی یانەی خانەخوێ، دە خاڵی بەدەستهێناوە و ئەوەش وایکردووە هەردوو یانە تەنیا لە رێگەی بردنەوەوە گەیشتن بە قۆناخی پلەی ئۆفی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەر بکەن.
سانجێرمان لە یارییەکەی ئەمشەودا پێویستی بەدووپاتکردنەوەی زۆر خاڵ و راستیی هەیە، راستیی ئەوەی گەورەیەکی ئەورووپایە و لەگەڵ گەورەکاندا رێدەکات. راستیی ئەوەی کە لویس ئینریکێی راهێنەری گونجاوترینە بۆ ئێستا و سەلماندنی ئەو خاڵەش کە بێ ئێمابپێش، تیپەکە هەر رکابەرە و لە هەنگاونان بەردەوام دەبێت.
لەپاڵ ئەو دوو یانەیەدا، گەورەیەکی دیکەی ئەورووپا کە تەنگژەی زۆری لە رێگەکەیدا بینی و ئەمشەو یارییەکی چارەنووسساز ئەنجامدەدات، ریال مەدریدی ئیسپانییە.
پاڵەوانی ئەورووپا، لەبەردەم دووڕیانێکدایە، دەکرێ بەئاسانی بەبردنەوەی خۆی و سوودوەرگرتن لە کەوتنی رکابەرەکانی پێشخۆی لە ریزبەندی پاڵەوانێتییەکە، راستەوخۆ بگاتە قۆناخی شانزە و دەشکرێ بەپێچەوانەوە و بەناچاری روو لە پلەی ئۆف بکات و ئیدی ناچاربێت رێگەیەکی درێژتر، بەرەو قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ بگرێتە بەر و لەوێشەوە بکەوێتە بەردەم مەترسیی زیاتر.
لێدوانە گرنگەکان
راهێنەرانی ئەو سێ یانەیە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکانیاندا، باسی یارییەکانیان و گرنگی دواگەڕیان کرد، کە پوختەی قسەکانیان بەمشێوەیە بوو:
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
یارییەکی قورس دەبێت وەک هەمیشە، چونکە برێست تیپێکە لە چامپیۆنزلیگ ئاستێکی باش پێشکەش دەکات. ئەوان خاڵێکیان زیاترە لە ئێمە، و چانسی باشتریان هەیە لە ریزبەندییەکەدا. لەم یارییەدا ئامانجی گەورەمان هەیە و هەروەها ئەوانیش. ئێمە دەمانەوێت ئەم قۆناخەی خولەکە تەواو بکەین، کە قۆناخێکی زۆر ئاڵۆز بوو بۆ ئێمە، دەمانەوێت بەباشترین شێوە کۆتایی پێبهێنین لەڕووی ریزبەندییەوە.
پێموایە و هیچ گومانێکم لەوە نییە، کە من و یانەکە هەردووکمان دەمانەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر پێکەوە بمێنینەوە، مەگەر شتێکی سەیر رووبدات و هەندێک گۆڕانکاری رووبدەن، کە بێگومان ئەوە زۆر روودەدات لە تۆپی پێدا، بەڵام ئێستا لە دۆخێکی باشداین، متمانەیەکی زۆرمان هەیە، یانەکە متمانەی بە من هەیە و منیش متمانەم بەو شتانە هەیە کە یانەکە بۆم دەکات.
هەفتەی رابردوو گوتم، دەبینم کە ڤینیسیۆس دڵخۆشە بەیاریکردن لێرە، زۆر نازناوی لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێناوە، پێموایە شکۆمەندی هەڵدەبژێرێت.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی:
لەم دۆخەی کە تێیداین، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە، دەبێت یارییەکە ببەینەوە، ئەگەر ئەمە رووینەدا ئێمە لەم پاڵەوانێتییەدا بەردەوام نابین، دەمانەوێت چانسێکی دیکەمان هەبێت بۆ ئەوەی سەرکەوین بۆ ئەنجامدانی دوو یاریی داهاتوو لە قۆناخەکانی داهاتوودا. ئەم یارییە کێشە نییە، دەرفەت و ئاڵنگارییەکە و رووبەڕووی دەبینەوە.
مەترسیی ئەگەری سەرنەکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو؟ ئەوە کاری من نییە بەشێوەیەکی کەسی، ئەوە کاری یانەکەیە و بێگومان ئێستا بیر لەوە ناکەمەوە. دەزانم کە هەمووان نیگەرانن لەوەی چی روودەدات، هەمووتان نیگەرانن لەوەی کە سەرنەکەوین، بەڵام من پێموایە ئێمە ئەوە دەکەین.
لویس ئێنریکی، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان:
ئارامیم بۆ ئەم یارییە لەهەمان ئاستی ئارامیمدایە بۆ هەر یارییەکی چامپیۆنزلیگدا، واتا بەهیچ شێوەیەک ئارام نیم، ئێمە ئامادەین بۆ یارییەکە لە چوارچێوەی سیستمی نوێی پاڵەوانێتییەکە کە کۆمەڵێک سوپرایزی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، ئێمە ئامادەین رووبەڕووی رکابەرێک ببینەوە کە یاریی تۆپی پێ زۆر بەباشی دەکات.
ئەزموونەکەم پێم دەڵێت کاتێک زیاتر سەرنجت لەسەر یارییەکانی دیکە دەبێت، لەوانەیە واز لە گرنگیدان بەو شتانە بهێنیت کە گرنگن، ئەمەش ئەوەیە کە لەگەڵ تیپەکەتدا روودەدات لەناو یاریگادا. ئێمە خۆمان بەگەڕان بەدوای ئەنجامەکانی دیکەدا بێزار ناکەین. هەوڵ دەدەین یارییەکە ببەینەوە، ئەمە تاکە شتێکە کە بەڕاستی دەکرێت یارمەتیدەرمان بێت لە ریزبەندییەکەدا و سەرکەوین. دیارە ئەم گەڕەی یارییەکان دەکرێت قسە و باسێکی زۆر هەڵبگرێت، بەڵام ئێمە خۆمان بەهیچ یەکێک لەو شتانە سەرقاڵ ناکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ