بەپەلە؛ رۆژنامەڤانێک هێرشدەکاتە سەر خیسوس کاساس

رووداو دیجیتاڵ
 
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، دوای کرانە دەرەوەی هەڵبژاردەکەی لە رکابەرییەکانی جامی ئاسیادا، رەخنەی تووندی لە ناوبژیوانی یارییەکەیان گرت و گوتی "بردنەوەکەی لێ دزین."
 
کاساس لە دوای دۆڕانی عێراق بە دوو گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ و ماڵئاواییکردنی لە رکابەرییەکانی جامی ئاسیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ناوبژیوانی یارییەکە بردنەوەی لێ دزین، ناکرێت لە پاڵەوانێتییەکی گەورەی وەک جامی ئاسیا، یاریزان لەسەر شێوازی ئاهەنگگێڕان بکرێتە دەرەوە، ئەی بۆ لە نیوەی یەکەمدا ناوبژیوان چاوپووشی لە ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی ئوردن کرد."
 
خیسوس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "هەندێک کەس دەیانەوێت ئەم دۆڕانە بکەنە هەلێک بۆ ئەوەی گەلی عێراقی پێ ئەشکەنجە بدەن، کردنە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن لە دوای ئەوەی گۆڕانکارییەکانمان تەواوبوون ئەرکی ئێمەی زۆر قورس کرد."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق زیاتر گوتی "کاردانەوەی رۆژنامەڤانان دڵتەنگی کردم، من چاوەڕێی پاڵپشتیم لێیاندەکرد، وابزانم ئەوان چاوەڕێی ئەوەبوون بدۆڕێین بۆ ئەوەی هێرشمانبکەنە سەر."
 
نێردراوی رووداو لە قەتەر رایگەیاند، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رۆژنامەڤانێک ویستوویەتی لە خیسوس کاساس بدات، بەڵام دوای ئەوە لەلایەن رێکخەرانی جامی ئاسیاوە ئەو رۆژنامەڤانە دوورخرایەوە و موڵەتی کارکردنیشی لێ وەریگرایەوە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی خیسوس کاساس لە دوای یارییەکە، رۆژنامەڤانێک بە راهێنەری عێراقی گوتووە، تۆ چوویتە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی و دوای ئەوە زۆر باسی رێکخستنت دەکرد، بەڵام وەڵامەکانتان قایلکەر نەبوون، بەڵگەش بۆ ئەم قسانەی من ئەو ئاهەنگگێڕانە زیادەڕووییە بۆ کە ئەیمەن کرد، رەنگە لەرووی هونەرییەوە تۆ سەرکەوتوو بیت، بەڵام لە رێکخستن و بەڕێوەبردنی تیپدا شکستهێنا.
 
دوای ئەوە خیسوس کاساس تەنیا بە ئاماژەیەکی دەست وەڵامی رۆژنامەڤانەکەی داوەتەوە و ئەمەش رۆژنامەڤانانی عێراقی بەتەواوی تووڕەکرد و هەمووان بەیەکەوە بڕیارییاندا هۆڵی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە بەجێبهێڵن.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گوتی "من ئارامم و گرێبەستێکم لەگەڵ عێراق هەیە و ئامانجی سەرەکی ئێمە گەیشتنە بە مۆندیالی 2026."
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە رەخنە لەو کەسانە دەگرێت، کە باس لە نارێکخراویی هەڵبژاردەی عێراق دەکەن و دەڵێت "ئەی بۆچی دوای بردنەوەمان لە ژاپۆن ئەم قسانەیان نەدەکرد، کردنەوە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن کاتەکەی زۆر خراپبوو، بەڵام منیش بەشێکی بەرپرسیارەتییەکەم دەکەوێتە سەرشان."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا خیسوس دەڵێت "سوپاسی پاڵپشتیی هاندەران دەکەم و شانازیی پێوە دەکەم، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵبژاردەکە، ئەوان ئەوەندە زیرەکن کە رێزی ئەوە بگرن کە تاوەکو ئێستا کراوە."