لەگەڵ ماڵئاواییکردنی عێراق ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەکە یانەکەی بەجێهێشت

 
رووداو دیجیتاڵ

عەلی حەمادی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی ویمبڵدۆن یانەکەی بەجێهێشت و پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ئیپسویچ تاونی هەمان وڵاتەوە دەکات.
 
یانەی ویمبڵدۆن لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رۆیشتنی ئەو یاریزانە عێراقییەی لە یانەکەی راگەیاند و دەڵیت "عەلی حەمادی گرێبەستێکی بەرچاوی لە یانەی ئیپسویچ تاونەوە پێشکێشکراوە و یاریزانەکە پەیوەندی بە ریزەکانی ئەو یانەیەوە دەکات."
 
جۆنی جاکسۆن، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ویمبڵدۆن قسەی بۆ ماڵپەری یانەکەی کردووە و دەڵێت "هیوای سەرکەوتن بۆ عەلی دەخوازم لە کاروانی داهاتوویدا، سوپاسی دەکەین بۆ ئەو رۆڵەی لە ماوەی ئەو 12 مانگەی لەگەڵ ئێمەدا گێڕای، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تیپەکە دروستکردبوو."
 
بەڕێوەبەری تۆپی پێی یانەکەش کرایگ کۆپ قسەیکرد و دەڵێت "هیوای باشترین بۆ عەلی حەمادی دەخوازین لە ژیانی داهاتوویدا، سوپاسی دەکەین بۆ ئەو کاریگەرییەی دروستیکردبوو لە پێشکەوتنەکانی یانەکەدا."
 
بەڕێوەبەری یانەکە دووپاتیدەکاتەوە کە ئەوان مەبەستیانبوو لە هاوینی داهاتوودا عەلی بفرۆشن، بەڵام ئیپسویچ تاون سووربوو لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە و دەستەوارەیەکی پێشکێشکرد کە هەمووان پێی رازیبوون، ئێمەش بەتەواوی لەو دەرفەتە تێدەگەین کە بۆ یاریزانەکە هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو هەلی یارییکردنی لە پرێمەرلیگ هەبێت.
 
عەلی حەمادی، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق ئێستا لە یانەی ویمبڵدۆنی ئینگلیزی یاریی دەکات، لەم وەرزەدا لە ریزەکانی ئەو یانەیەدا 42 یاریی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامداوە و 23 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی یاریزانەکە لەلایەن بەشێکی یانەکانی ئینگلتەراوە گرنگی پێبدرێت.
 
یانەی ئیپسۆیچ تاون، یەکێک لە یانە دیارەکانی تۆپی پێی ئینگلتەرایە، ئێستا یانەکە لە چامپیۆنشیپ یارییدەکات و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە و دەیەوێت وەرزی داهاتوو بگاتە پرێمەرلیگ، هەر بۆ ئەوەش دەیەوێت بە گواستنەوەی هێرشبەرە عێراقییەکە هێڵی پێشەوەی یانەکەی بەهێزبکات.