سوپرایز.. عێراق لە جامی ئاسیا دەرکرا

29-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق جامی ئاسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق بەشێوەیەکی دراماتیکی لە جامی ئاسیا دەرکرا، دوای ئەوەی 2-3 بە ئوردن دۆڕا.
 
لە یارییەکی بەهێزی قۆناخی شانزدەمی جامی ئاسیادا عێراق و ئوردن لەسەر یاریگەی خەلیفەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
 
هەر لە سەرەتای یارییەکەدا ئوردنییەکان بە هێرشبردنەوە دەستیانپێکرد و توانیان کۆنترۆلی یارییەکە بکەن. عێراقییەکان بەپێچەوانەی پێشبینییەکان زۆر خراپ دەرکەوتن.
 
ئوردنییەکان چەندجارێک خۆیان گەیاندە گۆڵی عێراق و ئەگەر بە کۆششی جەلال حەسەنی گۆڵپارێزی عێراق نەبووایە، کە باشترین یاریزانی یارییەکە بوو، ئوردن زیاتر لە گۆڵێکی دەکرد.
 
یاریزانانی هەڵبژاردەی ئوردن رازی نەبوون نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵکردن لە یاریگە بچنە دەرەوە و لە خولەکی 45 یەزن نەعیمات بەتەنیا لەگەڵ گۆڵپارێزی عێراق مایەوە و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئوردن تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا، کە کاساسی راهێنەر دوو گۆڕانکاری کرد و مێرخاس دوسکی و زیدان ئیقبالی ناردە نێو یاریگە، یاریزانانی عێراق بە ئاستێکی باشتر دەرکەوتن و گوشاریان خستە سەر ئوردنییەکان، کە ئەوانیش بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە گۆڵەکەیان گەڕانەوە دواوە.
 
لە خولەکی 68 سەعەد ناتق، بە لێدانی سەر گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ عێراق تۆمارکرد و یارییەکە گەڕایەوە خاڵی سەرەتا، بەڵام دوای دوو خولەک سەعەد تووشی پێکان بوو، و گۆڕانکاری پێکرا و لەجیاتی ئەو عەلی عەدنان چووە نێو یاریگە.
 
نۆرەی ئەیمەن حوسێنی گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە هات و لە خولەکی 76 گۆڵی دووەمی بۆ عێراق تۆمارکرد، بەڵام لەبەرئەوەی جوڵەیەکی کرد کە بە دڵی ناوبژیوان نەبوو، کارتی زەردی دووەمی وەرگرت و بە کارتی سوور دەرکرا.
 
یاریزانانی جیسۆس کاساسی راهێنەر لە ماوەی 10 خولەکی کۆتایی و 7 خولەکی زیادکراودا نەیانتوانی بە 10 یاریزانەوە پارێزگاری لە پێشکەوتنی خۆیان بکەن و لە خولەکی 5 و 7ـی زیادکراودا، ئوردن دوو گۆڵی لە رێگەی یەزن ئەلعەرەب و نزار مەحموودەوە دوو گۆڵیان کرد و یارییەکە 3-2 لە بەرژەوەندی ئوردن تەواوبوو.
 
هەڵبژاردەی ئوردن لە قۆناخی هەشتدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی تاجیکستان دەبێتەوە، کە ئەویش بە بردنەوە لە ئیمارات بلیتی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە