ریال مەدرید بڕیارێکی قورس دەدات

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیارێکی قورسی سەبارەت بە مێرکاتۆی ئەم زستانەی داوە و دووپاتی دەکاتەوە کە جێبەجێی دەکات.
 
بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی رێلیڤۆی ئیسپانی، کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید بیرۆکەی گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارێکی نوێ لە مانگی یەکی ئەمساڵدا رەتکردووەتەوە، سەرەڕای ئەو پێکانە زۆرانەی کە تیپەکە لەم وەرزەدا تووشی بووە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە ریال مەدرید دڵنیایە لەوەی دووانەی هێڵی بەرگرییەکەی، ئەنتۆنیۆ رودیگێر و ناچۆ لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەگەڕێنەوە ئاستی خۆیان و پێویستییان بە هیچ بەرگریکارێکی دیکە نییە.
 
لە یارییەکەی لاس پاڵماسدا ئەو دووانەیە چەندین هەڵەیان ئەنجامدا، چونکە ناچۆ نەیتوانی رێگە لە هێرشێکی هەڵگەڕاوە بگرێت. بەرگریکارە ئەڵمانییەکەش نەیتوانی مونیر حەدادی بوەستێنێت.
 
ریال مەدرید بەرامبەر لاس پاڵماس بە گۆڵێک دواکەوت، دواتر بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا. کە ئەوکات رەخنەیەکی زۆر لە ئاستی هێڵی بەرگری ریال مەدرید گیرا، سەرەڕای ئەوەی یارییەکەی بردەوە، بەڵام وادیارە کارگێڕیی یانەکە سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەی و نایەوێت هیچ گرێبەستێک لە زستاندا بکات.
 
ریال مەدرید دوو بەرگریکاری دڵی بەرگری بەهۆی پێکانەوە لەدەستداوە و لەم وەرزەدا ناتوانن بگەڕێنەوە، کە بریتین لە میلیتاو و داڤید ئالابا.
 
ریال مەدرید لە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگادایە و 54 خاڵی هەیە، کە خاڵێک لە جیرۆنای پێشەنگەوە دوورە، بەڵام یارییەکی کەمترە.