بەهێزترین بەربژێر بۆ شوێنگرتنەوەی چاڤی ئاشکرابوو

رووداو دیجیتاڵ

راهێنەرێکی نوێ هاتە نێو بژاردەکانی بارسێلۆنا بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە شوێنی چاڤی هێرناندێز سەرکردایەتی یانەکە بکات، کە چاڤی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا واز لە پۆستی راهێنەری یانەکە دێنێت.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە، سێرجیۆ کۆنسیساوی راهێنەری یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی، ناوی چووە نێو لیستی ئەو راهێنەرانەی کە ئەگەری هەیە یەکێکیان ببێتە شوێنگرەوەی چاڤی و تەنانەت دەڵێت "کۆنسیساو بەهێزترین بەربژێرە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەی گرێبەستی کۆنسیساو لەگەڵ پۆرتۆ لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو کۆتایی دێت، هەروەها پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا هەیە و پێشتر لە پۆرتۆ پێکەوە بوونە.
 
هەروەها ئەوەی زیاتر یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی کۆنسیساو ببێتە راهێنەری بارسا ئەوەیە کە خۆرخی مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی کۆنسیساو پەیوەندییەکی نایابی لەگەڵ خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا هەیه و زۆر گرێبەست لەنێوانیاندا هەن.
 
ئەو رۆژنامەیە روونیشیکردەوە، پۆرتۆ لەم ساڵانەی دواییدا لە چامپیۆنزلیگ بە سەرکردایەتی کۆنسیساو ئاستێکی بەرزی پێشکێش کردووە. هەروەها لەم وەرزەدا بەرامبەر بارسێلۆنا ئاستێکی باشی پێشکێش کرد، سەرەڕای ئەوەی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەی دۆڕاند.
 
کۆنسیساو ئەگەرچی خاوەن دی ئێن ئەی بارسێلۆنا نییە، بەڵام شێوازی یاریکردنی لە پۆرتۆ دوور نییە لە بیرکردنەوە و شێوازی بارسا، بەو پێیەی زۆر حەزی لە یاریکردنە بە شێوازی هێرشبردن.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆنسیساو لاری نییە لەوەی بەشێوەیەکی خۆپارێزی و بە جۆرێک لە بەرگریکردنەوە مامەڵە لەگەڵ هەندێک یارییدا بکات، بەڵام زۆر بایەخ بە توانای جەستەیی یارزیانانی دەدات. هەمیشە داوا لە یاریزانانی دەکات شەڕانگێز بن و گرەو لەسەر یاریزانە گەنجەکان دەکات.