رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی و بڕینی قۆناخێکی دیکەی رکابەرییەکانی جامی ئاسیا، هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێشدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن یاریی دەکات.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، کاژێر 14:30، لە رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن، لە یارییەکی نێوان دوو دراوسێدا رکابەری یەکدی دەکەن، بۆ گەیشتن بە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە و چاوەڕێی رکابەرییەکی بەهێزی نێوان هەردوو تیپ دەکرێت.
یارییەکە لە یاریگەی خەلیفەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، عێراق لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، بەیەکەمی کۆمەڵەکەی بە سێ بردنەوەی لەسەریەک سەرکەوتووە و ئوردنیش وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکان شوێنی خۆی لەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکەدا کردووەتە وە و هەردوو تیپ بۆ رکابەرییەکی مێژوویی ئامادەن.
بەبڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ کاژێر 14:00 دەوامی فەرمی لە دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق کۆتاییدێت، بۆ ئەوەی هەمووان لە ماڵەوە سەیری یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن بکەن.
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن لە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا، باس لەو یارییە گرنگە و دۆخی هەڵبژاردەکەی دەکات.
کاساس لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر ئوردن گوتی "یارییەکە بۆ هەردوو تیپەکە قورس دەبێت، ئێمە تاکە تیپ نین کە لە بەرگریدا پاڵپشتییەکی باشمان هەیە، ئوردنییەکانیش بەهەمان شێوەن و ئەوانیش بۆ یارییەکە ئامادەن."
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "شێوازی یارییکردنی ئوردن بەرگرییە، بەڵام ئەوە دوودڵم ناکات، ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر تیپێک شێوازی تاکتیکی خۆمان هەیە، ناسنامەی ئێمە تۆپی پێیە و ئەوە روونە، بە هێرشبەری یارییدەکەین و دەمانەوێت کۆنتڕۆڵی تۆپ بکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کاساس گوتی "بۆ ئەوەی هەموو یارییەکان ببەیتەوە، پێویستە 200٪ ئامادەبیت، لە تۆپی پێدا هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە، دەکرێت یەک هەڵە واتلێبکات ماڵئاوایی بکەیت، وەک ئەوەی سعودیە بەرامبەر ئەرجەنتین کردی، کە ئەوە زۆر سەرنجڕاکێش بوو."
راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن، بەر لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، ستایشی ئەو هەڵبژاردەیە دەکات، بەڵام رەتیدەکاتەوە بەشێوەی بەرگری یاری بکەن.
حەسەن عەموتە، راهێنەری هەڵبژاردەی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی بەرامبەر عێراق لە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، لەبارەی ئەوەی بەشێوەی بەرگری رووبەڕووی عێراق دەبنەوە گوتی "نەخێر نەخێر لەو بڕوایەدا نیم، هەڵبژاردەی عێراق خاوەنی یاریزانی باشە، نەک تەنیا لە رووی هێرشبەرییەوە بەڵکو تیپەکە هەمووی زۆرباشە، هاوسەنگییەکی باشیان هەیە لە هێرشبردن و بەرگریدا، هەر تیپێک ئارەزووی سەرکەوتنی هەبێت بەرگری ناکات و بیرکردنەوەی تەنیا لەلای بەرگری نابێت، هەموو هەڵبژاردەیەک مافی ئەوەی هەیە ئامانجەکانی دیاری بکات، ئێمە دەمانەوێت تاوەکو دوورترین خاڵی پاڵەوانێتییەکە بڕۆین و هەموو بیرکردنەوەمان لەسەر یارییەکەی بەرامبەر عێراق دەبێت
بەشێوەیەکی گشتی هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن بە یاریی دۆستانە و فەرمی 38 یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، هەڵبژاردەی عێراق مێژوویەکی گەورەی بەرامبەر ئوردنییەکان هەیە و 21 یاریی لەو هەڵبژاردەیە بردووەتەوە، ئەمڕۆ هەڵبژاردەکە دەیەوێت درێژە بەو مێژووە گەشەی بدات بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێشەوە و بگاتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ