سپالێتی و مۆرینیۆ لەسەر یاریگەی مارادۆنا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە

29-01-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سپالێتی و مۆرینیۆ
A+ A-
رووداو هەولێر 

جۆزێ مۆرینیۆ نیگەرانە و کارگێڕیی یانەکە گوشارەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی نیکۆلۆ زانیۆلۆ ناچار بە چوونە یانەی بۆرنمۆسی ئینگلیزی بکات، پێکدادانی ژێراوژێر لە نێوان سپێشەڵ وەن و کارگێڕیی یانەکەدا روویداوە، چونکە مۆرینیۆ بە رۆیشتنی زانیۆلۆ رازی نییە.. لە نێو ئەم مشتومڕ و بێنەوبەردانەی یانەکەدا، ئەمشەو رۆما لە باشووری ئیتاڵیا دەبێت بۆ ئەنجامدانی یەکێک لە قورسترین یارییەکانی وەرزەکەی بەرامبەر ناپۆلی.
 
ناپۆلی لە رۆژانی زێڕینی خۆیدا دەژی، بەتایبەت کە هەفتەی رابردوو، میلانی رکابەری راستەوخۆی بە چوار گۆڵی بێوەڵام بە لازیۆ دۆڕا و ئەوەش کەوتنی رکابەرێکی دیکەی راستەوخۆی ناپۆلی بوو لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵی سێریا ئەیدا.
 
یارییەکەی نێو یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا کە هاندەرانی رۆما تێیدا ئامادەنابن لەبەرئەوەی هاوشێوەی هاندەرانی ناپۆلی سزادراون دوو مانگ بۆیان نییە بچنە نێو یاریگەی تیپەکانی دیکەوە، چارەنووسساز و گرنگ دەبێت بۆ ناپۆلی لەپێناو گەیشتنەوە بە خەونە لە مێژبەدینەهاتووەکەی و بۆ رۆماش کە نایەوێت کورسییەکی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتووی لەدەست بچێت.
 
هەموو ئاراستەکان بەرەو ئەوەن ناپۆلی ئەمساڵ بەو نازناوە بگاتەوە کە سێ دەیەیە بەدەستینەهێناوە.. شکستی لە ناکاوی رکابەرە راستەوخۆکانی یانەکەی باشوور و دەرچوونی یوڤێنتوس لە پێشبڕکێی نازناوەکە، ئاسانکارین بۆ ناپۆلی تاوەکو بەو نازناوە بگاتەوە.
 
ئەگەر بارودۆخی ئەوانیدیکە رێئاسانکەر بن بۆ ناپۆلی تاوەکو لە کۆتاییدا نازناوی خولەکە بەدەست بهێنێت، هەوڵ و تواناکانی خۆی، هۆکاری سەرەکی دەبن لە ململانێی بردنەوەی نازناوەکەدا.. ئەو یانەیە کە ئەمساڵ تەنیا یەکجار لە سێریا ئەیدا دۆڕاوە و بردنەوەی لە زۆرینەی گەورەکانی خولەکە، رێگەی ناپۆلی بۆ گەیشتنەوە بە نازناوەکە رۆشنتر دەکەنەوە.
 
ناپۆلی لە یاری چوونیدا بەرامبەر رۆما لە نێو ئۆڵیمپیکۆ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر براوە بووە، ئەمشەو دووبارەکردنەوەی ئەو سەرکەوتنە بەسەر نوێنەرەکەی پایتەختدا دڵنیایی زیاتر دەداتە لۆچیانۆ سپالێتی راهێنەر و یاریزانەکانی بۆ گەیشتن بە خاڵی 53 و بەوەش ناپۆلی لە نزیکترین رکابەری خۆیەوە کە ئینتەرمیلانە، کۆی 13 خاڵ دووردەکەوێتەوە.
 
بەشێوەیەکی گشتی ئەوە تەنیا دۆخی ناپۆلی نییە کە جێگەی گەشبینییە، رۆماش لە سایەی هاوبەشیی تامی ئابراهام و پاولۆ دیبالا لە هێڵی هێرشبەری یانەکەدا، بە لووتکەی ئاستی خۆی گەیشتووە و ئەمشەو میوانێکی ئاسانی ناپۆلی نابێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە