نۆڤاک جۆکۆڤیچ بۆ جاری دەیەم بووە پاڵەوانی گراندسلامی ئوسترالیا

29-01-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
رووداو - دیجیتاڵ

نۆڤاک جۆکۆڤیچی سێربی، بووە پاڵەوانی پاڵەوانێتیی کراوەی ئوسترالیا، دوای ئەوەی لە ستیفانۆس تسیتسیپاسی بردەوە.
 
جۆکۆ دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بەهۆی وەرنەگرتنی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە پاڵەوانێتییەکە دوورخرایەوە، ئەمساڵ گەڕایەوە و بۆ جاری دەیەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی ئوسترالیا و لە یاریی کۆتاییدا بە ئەنجامی سێ کۆمەڵەی بێ بەرامبەر شکستی بە ستیفانۆس تسیتسیپاسی یۆنانی هێنا.
 
لە کۆمەڵەی یەکەمدا جۆکۆ بە ئاسانی براوەبوو دوای ئەوەی 6-3 لە بەرژەوەندیی خۆی کۆتاییپێهێنا، لە کۆمەڵەی دووەمدا یارییەکە گەیشتە لووتکە، تاوەکو تای برێک رۆیشتن، ئەوەبوو نۆلێ بە ئەنجامی 7-6 براوەبوو.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا بەهەمان شێوە رکابەرییەکە تووند بوو، جۆکۆ بە هەمان ئەنجامی کۆمەڵەی دووەم یارییەکەی بردەوە، دوای ئەوەی دوو کاژێر و 56 خولەک یارییانکرد.
 
بەم بردنەوەیە نۆڤاک جۆکۆڤیچ بۆ جاری دەیەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی کراوەی ئوسترالیا لەسەر ئاستی پیاوان کە ئەمە ریکۆردێکە و بەناوی خۆیەوەتی، لە هەمان کاتیشدا ریکۆردی رافایێل نادالیشی یەکسانکردەوە بە بردنەوەی زۆرترین گراندسلام کە 22 نازناوە.
 
جۆکۆڤیچ بە بردنەوەی ئوسترالیا، دەگەڕێتەوە پلەی یەکەمی ریزبەندیی یاریزانەکان، دوای ئەوەی لە مانگی شەشی ساڵی رابردوودا ئەم پلەیەی لەدەستدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە