سانتیاگۆ بێرنابیۆ یارییەکی قورس و چارەنووسساز لە ئامێزدەگرێت

رووداو هەولێر 

یارییەکی گرنگ، قورس و چارەنووسساز.. یارییەک کە لەوانەیە گۆڕانکاری لە زۆر پلان و بیرکردنەوەی کارگێڕیی ریال مەدریددا بکات، ئەو یانەیە بەرامبەر ریال سۆسیێداد لە خولی لالیگادا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ کۆدەکاتەوە.
 
بۆ هەردوو یانە، یارییەکە گرنگ و بایەخی یەکجار زۆری هەیە، لە کاتێکدا ریال مەدرید نایەوێت جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگدا بە سێ خاڵ زیاتر بمێنێتەوە، سۆسیێداد بردنەوەی دەوێت بۆئەوەی ژمارەی خاڵەکانی هاوتای ریال مەدرید بکاتەوە و بەوەش شوێنی ئەو یانەیە لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەدا، بخاتە ژێر مەترسییەوە.
 
لە ساتێکدا کە ریال مەدرید لە قۆناخی گومان و نادڵنیاییدا دەژی و ئەنجامەکانی یانەکە جێگەی دڵنیایی نین، بەتایبەت بەرامبەر تیپە بەهێزەکان، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر سەرقاڵی ئەوەیە ستایل و شێوازێکی نوێ بۆ تیپەکەی بدۆزێتەوە و شکستەکانی ماوەی رابردوو، بەتایبەت بەرامبەر ڤیاریال، پێدەچێ ئەو راهێنەرەی هێنابێتە سەر ئەو باوەڕەی چیدی پلانی 4-3-3 ناتوانن بە ئاسانی سەرکەوتنی بۆ دەستەبەر بکەن و بیگەیەننە ئامانجەکانی.
 
کارلۆ لە پێکهاتەی ئەمشەوی تیپەکەیدا لە تواناکانی هەریەکە لە داڤید ئالابا، ئۆرلیێن چوامینی، دانی کارڤاخال، لۆکاس ڤاسکێز و فێرلان مێندی بێبەش دەبێت.. ئەمە وا دەکات بژاردەکانی بەردەم راهێنەر بۆ بەرگرتن لە هوروژمی هێرشبەرییانەی سۆسیێداد کەم و کەمتر ببنەوە و پێشبینی ئەوە بکرێت ئەمشەو سوپرایز لە پێکهاتەکەیدا بکات.
 
ئەوەی بۆ ریال مەدرید جێگەی کەمێک دڵنیایییە، دەرکەوتنەوەی خووە گەورەکەی تیپەکە بوو لە دوایین یاریدا لە جامی شا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، خووی ریمۆنتادا، ئەو کارەی وەرزی رابردوو، ریال مەدرید هەموو ئەوروپای بەهۆیەوە شۆککرد و تاوەکو نازناوی چامپیۆنزلیگیشی بردەوە، کەس نەیتوانی کۆدی نهێنی بەرگرتن لە ریمۆنتاداکانی ریال بگرێت.. لە یارییەکەی ئاتلێتیکۆدا، ریال ئەو خووەی بەدەستهێنایەوە و ریمۆنتادای کرد و گەیشتە چوارگۆشەی زێڕینی جامەکە.. بۆ یارییەکەی ئەمشەو کە پێشبینیکراوە سۆسیێداد هەرزوو ریال بخاتە ژێر گوشار و هێرشی بەردەوامەوە، بەدەستهێنانەوەی ریمۆنتادا، خاڵیکی ئەرێنی دەبێت لە نێو کۆمەڵێک رووداوی نەرێنیدا کە یانەکە لە ماوەی رابردوودا بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.
 
سۆسیێداد رکابەرێکی ئاسان نییە و نەبووە بۆ ریال مەدرید.. گەرچی دواجار کە سەرکەوتنی لە نێو بێرنابیۆدا بەدەستهێنابێت لە ساڵی شوباتی 2020 بوو لە جامی شای ئیسپانیادا، بەڵام گەشەکردنی سۆسیێداد لەگەڵ ئیمانوێل ئەلگواسێلی راهێنەریدا و گەیشتنی بە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی لالیگا و پێنج سەرکەوتن لە پێنج یاری رابردوودا لە خولەکە، ترسی زیاتر لە دڵی هاندەرانی ریال مەدریددا بۆ یارییەکەی ئەمشەو دروستدەکات.