عێراقییەکان ترسیان لە هێرڤی رێنار هەیە
رووداو هەولێر
لە گەڕی سێیەمی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی کەنداوی 26 لە کوێت، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کاژێر 17:30 هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکی چارەنووسسازدا لەنێو یاریگەی جابر ئەلحەمەدی نێودەوڵەتی یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی سعودیە دەکات.
هەڵبژاردەی عێراق خاوەن نازناوی وەشانی رابردووی پاڵەوانێتییەکە، ئەمجارە ئاستێکی باشی پێشکەش نەکردووە، بردنەوەیەک و دۆڕانێکی هەیە، هاندەرانی نیگەرانن و ترسی ماڵئاوای تیپەکەیان لەدوای دۆڕانیان بە سعودیە هەیە.
بەر لەم یارییە هەریەک لە هەڵبژاردەکانی کوێت کە میوانداریی جامی کەنداوە و بەحرەین و عومان گەیشتنە قۆناخی پێشکوتایی پاڵەوانێتییەکە، یاریی عێراق و سعودیە وەک دێربیی کەنداو سەیر دەکرێت، لەبەرئەوەی هەردوو تیپ خاوەنی سێ خاڵن و براوەیان بلیتی گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی دەبڕێت.
هێرڤی رێنار، دووەمجارە ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی سعودیە وەردەگرێت، ئەم راهێنەرە کە لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر توانی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پاڵەوانی مۆندیال بباتەوە، هیوایەکی گەورەیە بۆ سعودییەکان و لەدوای گەڕانەوەی بۆ ئەو وڵاتە شەقامی وەرزشیی ئەو سعودیە پێیانوایە قۆناخێکی نوێی پێشکەوتنی تۆپی پێی هەڵبژاردەکەیان دەبینن.
فازڵ حەمدانی، شرۆڤەکاری وەرزشیی عێراقی، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "وەک عێراقییەک لە رووی خۆشەویستییەوە حەزدەکەم ببەینەوە، بەڵام لە راستیدا هەڵبژاردەی سعودیە باشتر ئامادەیە بۆ یارییەکە بەهۆی بوونی راهێنەرێکی بەئەزموون و ژمارەیەک ئەستێرەی نایاب لە ریزەکانیدا، دەبێت یاریزانان و شاندی عێراق دۆڕانیان قبوڵ بێت و بەگیانێکی بەرزی وەرزشی مامەڵە لەگەڵ کەش و هەوای یارییەکە بکەن".
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ زیاتر هاندانی تیپەکەی بڕیاریدا بەبردنەوەی لە سعودیە هەر یاریزانێک و ئەندامێکی شاندی هەڵبژاردەکە بەبڕی 10 ملیۆن دیناری عێراقی خەڵات بکات، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش راستەوخۆ بەرپرسانی یەکێتیییەکەی ئاگادارکردووەتەوە بەسەرکەوتنیان خەڵاتیان دەکات.
مستەفا جاسم، راهێنەری توانای جەستەیی یانەی نەفتی میسان، پێیوایە یارییەکە ئاسان نییە و پێیوایە عێراق توانای بردنەوەی هەیە، زیاتر گوتی "یارییەکی زۆر بەهێز و سەختە راستە هەڵبژاردەی سعودیە ئاسان نییە، بەڵام هەڵبژاردەکەمان لە زۆر کاتی وادا توانیویەتی سەرکەوتوو بێت".
ئەو زیاتر گوتی "عێراق لە رووی توانای جەستەییەوە هیچ ئامادەکارییەکی باشی نییە و ئەو راهێنەرانەی کە سەرپەرشتی لێهاتووی جەستەی یاریزانەکان دەکەن ئامێری جی پی ئێسیان پێ نییە بۆ ئەوەی داتا و ئاستی تیپە بزانن، پێموایە کەموکوڕییەکی زۆر لە لێهاتووی جەستەیی هەیە و لە رووی پێکهاتەوەش ناتوانن بەپێکهاتەیەکی جێگیر یاری بکەن".
هەڵبژاردەی عێراق خاوەن 4 نازناوی جامی کەنداوی عەرەبە، هەڵبژاردەی سعودیە خاوەن 3 نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.