زیدان بۆ داواکارییەکی بەپەلە تەلەفۆن بۆ پێرێز دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەپەلەی زینەدین زیدان بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز هەموو شتێک دەگۆڕێت و سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید ئاشکرایانکردووە کە ئەفسانەی فەرەنسی پێشنیازی ئەوەی بۆ پێرێز کردووە گرێبەستێک بکات کە پێیوایە دەبێتە گرێبەستی سەدە بۆ ریال مەدرید.
 
زیدان جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە فلۆرێنتینۆ پێرێز گرێبەستێک واژۆ بکات و نابێت لەدەستی بدات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم گرێبەستە زۆر گرنگە و دەکرێت گرنگ بێت بۆ باشترکردنی تیپەکە.
 
هەرچەندە ساڵانێک بەسەر رۆیشتنی لە ریال مەدرید تێپەڕیوە، بەڵام پەیوەندی پتەوی نێوان ئەو و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆک، وا دەکات پەیوەندی نێوانیان بەردەوام بێت. لەم روانگەیەوە زیدان پێشتر داوای ئامۆژگاری لە سەرۆک دەکرد سەبارەت بە گرێبەستەکانی وەک چوامینی، بەڵام لە هەمانکاتدا بە بەردەوامیش ئامۆژگاری پێرێز دەکات سەبارەت بەو یاریزانانەی کە پێیوایە باشترینن بۆ تیپەکە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی بڵاویکردوونەتەوە، زیدان بە تەلەفۆن پەیوەندی بە پێرێزەوە کردووە و بۆی دووپاتی کردووەتەوە کە زۆر گرنگە گرێبەست لەگەڵ رەیان شەرقی، یاریزانی یانەی لیۆنی فەرەنسی بکات، کە ئەوکاتەی زیزۆ راهێنەری ریال مەدریدیش بوو، پێشنیازی بۆ پێرێز کردبوو گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
زیدان لەمێژە رەیان شەرقی بە یەکێک لە بەهرەمەندە دیارەکانی تۆپی پێی فەرەنسا دەزانێت، هەرچەندە یانەکە بەجددی داوای تواناکانی نەکردووە، بەهۆی ئەوەی ماوەیەک ئاستی دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بەڵام پێدەچێت یاریزانەکە گەڕابێتەوە بۆ ئاستی راستەقینەی خۆی، بۆیە زیزۆ نایەوێت ئەو گرێبەستە گرنگە لەدەست ریال مەدرید دەربچێت. 
 
بەهۆی ئەوەی بەهای بازاڕیی شەرقی بە 30 ملیۆن یۆرۆ دەخەملێنرێت، زیدان لە پەیوەندیکردنیدا لەگەڵ پێرێز پێداگری لەسەر ئەوە کردووە گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکەن.
 
زیدان بڕوای بەتواناکانی شەرقی هەیە و پێیوایە دەبێتە زیادەیەکی گەورە بۆ تیپەکەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەتوانێت بەئاسانی خۆی بەتەواوی لەگەڵ شێوازی یاریکردنی ریال مەدرید بگونجێنێت. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە رەیان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا گرێبەستەکەی نوێکردەوە و تاوەکو ساڵی 2026 درێژ دەبێتەوە، بەڵام گرێبەستەکەی بڕگەیەکی تێدایە کە لەوانەیە وا لە لیۆن بکات دەرگای گواستنەوەی لەم هاوینەدا لەسەر ئەو یاریزانەی بکاتەوە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای راسپاردەی زیدان، ریال مەدرید هێشتا دڵنیا نییە لە ئەگەری گواستنەوەی شەرقی، و یانەکە ئەو یاریزانە فەرەنسییە وەک بەشێک لە پلانەکانی ئێستای تیپەکە نابینێت، هەرچەندە ئەگەری گواستنەوەی ئەو یاریزانەی بەتەواوی رەتنەکردووەتەوە ئەگەر دەرفەتی گونجاوی بۆ بڕەخسێت. 
 
ریال مەدرید ئێستا گرنگی بە بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی دەدات، و بەدوای یاریزانێکدا دەگەڕێت کە بتوانێت یاری دروست بکات و هاوسەنگی دابین بکات، ئەو ئەرکانەی کە تۆنی کرووس ئەنجامی دەدەن لەئەستۆیان بگرێت.