رۆبین ئامۆریم: لە مانچێستەر هەست بەئارامی ناکەم

رۆبین ئامۆریم

رووداو دیجیتاڵ

رۆبین ئامۆریم، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دوای مانگ و نیوێک لە وەرگرتنی مەشقدانی یانەکە، دەڵێ ئیسراحەتم نەماوە.
 
ئامۆریم لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا مەشقدانی یانەکەی وەرگرت، پاشئەوەی ئێریک تێن هاگ لە مەشقدانی ئەو یانەیە دوورخرایەوە بەهۆی خراپیی ئەنجامەکانەوە.
 
مانچێستەر یونایتد لە کۆی حەوت یاریی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، پێنج یاریی دۆڕاند و ئێستا لە پلەی چواردەی ریزبەندی پرێمەرلیگە و نزیکە لە ناوچەی مەترسیداری دابەزینەوە.
 
ئامۆریم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، هەرگیز هەست بەئارامی ناکەم. دووپاتیکردەوە، "دەکرێ هەڕەشەی دوورخستنەوەم لەسەر بێت ئەگەر ئاستی تیپەکە باش نەبێت". 
 
مانچێستەر یونایتد، بڕی 11 ملیۆن یۆرۆی دایە سپۆرتینگ لیسبۆنا، لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو راهێنەرە لەگەڵ یانەکەی.
 
ئامۆریم دەڵێ، "راهێنەری مانچێستەر یونایتد، دۆخی تیپەکەی هەرچۆنێک بێت، هەرگیز هەست بەئارامی ناکات".
 
تیپەکەی ئامۆریم، لە دوایین یاریی خۆیدا بە ولڤێرهامتن دۆڕا و بەوەش 11 خاڵ لە ئارسیناڵی خاوەنی پلەی چوارەمی ریزبەندییەوە دوورە.
 
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە هەروەها دەڵێ، "دەزانم دۆخەکە هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە ئەگەر ئەنجامەکانمان باش نەبن، بەچاوپۆشین لەوەی کە پارە دراوە بۆ هێنانی من بۆ ئێرە. دەزانم هەموو راهێنەرێک هەڕەشەی لەسەرە و من بەوە دڵخۆشم".
 
ئامۆریم زیاتر دەڵێ، "حەز بەوە دەکەم، چونکە ئەوە بەشێکە لە کارەکەی من، دەبینن کە من زیاتر لە مانگێکە لێرەم و تەنیا چوار یەکەی مەشقدانم هەبووە، بەڵام ئێمە بردنەوە بەدەست ناهێنین و ئەوە راستییەکەیە".
 
راهێنەری یونایتد دانیبەوەداناوە کە هاندەرانی یانەکە بێئومێدبوون لە زنجیرەی ئەنجامە خراپەکانی تیپەکە و ئەرکی داهاتووشیان بەرامبەر نیوکاسڵ ئاسان نییە.
 
هەروەها دەڵێ، "ئێمە هەوڵدەدەین رکابەرانە دەربکەوین و هەوڵی بردنەوەی یارییەکانمان دەدەین، من تەنیا دەمەوێت شتێک پێشکێشی جەماوەری یانەکەم بکەم".