ئەو خانمە کێیە کە لە ئاهەنگی گڵۆب سۆکەردا رۆناڵدۆی سەرسامکرد؟

رووداو دیجیتاڵ

ئاماندا دەیڤز، لە ئاهەنگی خەڵاتەکانی گڵۆب سۆکەردا، کە ئێوارەی رۆژی هەینی لە دوبەی بەڕێوەچوو، لە پەراوێزی نۆزدەمین خولی کۆنفرانسی وەرزشیی نێودەوڵەتی دوبەیدا، هەموو سەرنجەکانی بەلای خۆیدا راکیشا، بە کریستیانۆ رۆناڵدۆشەوە.
 
ڤینیسیۆس جونیۆر ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بەدەستهێنا و پێش رۆدری ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی کەوت کە خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، لە میانی ئاهەنگی خەڵاتی گڵۆب سۆکەردا، وەک باشترین یاریزانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشانکرا.
 
لامین یامال یاریزانی بارسێلۆنا خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی جیهانی بەدەستهێنا.
 
هەروەها ریال مەدرید خەڵاتی باشترین یانەی بەدەستهێنا، هەروەها کارلۆ ئەنچێلۆتی ئیتاڵی خەڵاتی باشترین راهێنەری بەدەستهێنا، لە رێوڕەسمێکی سەرنجڕاکێشدا کە لەلایەن خانمە پێشکەشکاری بەناوبانگ ئاماندا دەیڤزەوە پێشکەشکرا.
 
 
ئاماندا دەیڤز کێیە؟
 
ئاماندا دەیڤز پێشکەشکاری وەرزشییە لە کەناڵی بی بی سی وۆرلد نیوز.
 
ئاماندا لە نیسانی 2007 لە کۆمپانیای سکای سپۆرت نیوزەوە پەیوەندی بە بی بی سی کردووە، لەوێ وەک بەرهەمهێنەر لە تیمی پڕۆژە تایبەتەکاندا کاری کردووە، پەرەی بە کورتە زنجیرەیەک داوە سەبارەت بە پرسە وەرزشییەکانی ئێستا.
 
لە ماوەی کارکردنیدا لەوێ، چەندین کاری جۆراوجۆری لە ژووری هەواڵەکاندا هەبووە، لەوانە نووسەر، یاریدەدەری سەرنووسەری هەواڵ، پەیامنێر، بێژەر و بەرهەمهێنەری مەیدانی.
 
یەکێک لە کارە دیارەکانی لە کاتی مۆندیالی 2006 بوو لە ئەڵمانیا، کە رۆژانە دەبووایە 7 راپۆرت لەبارەی مۆندیالەوە بۆ سکای بکات.
 
رۆژنامەگەری وەرزشی ئەو رێگا پیشەیە بوو کە ئاماندا بەدرێژایی ماوەی خوێندنی لە قوتابخانە و زانکۆدا کردبووە ئامانجی.
 
ئاماندا لە کۆلێژی سانت ئێدمۆند هۆڵ لە ئۆکسفۆرد، جوگرافیای خوێندووە و لەکاتێکدا لەوێ بووە خەڵاتی رۆژنامەگەریی فیلیپ گێدێسی بەدەستهێناوە، کە لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆردەوە بەخشراوە.
 
ئاماندا لە کاتی پشوودا حەزی لە سەیرکردن و یاریکردنی وەرزشە، هەروەها دان بەوەدا دەنێت کە مەیلی بۆ مانچێستەر یونایتد هەیە.
 
رۆناڵدۆ پێی سەرسامە
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی پێشتر سەرسامی خۆی بە ئاماندا دەیڤز دەربڕیبوو، لەمیانی ئاهەنگی گڵۆب سۆکەری ساڵی 2023.
 
ساڵی رابردوو رۆناڵدۆ دوو خەڵاتی بەدەستهێنا: یەکەمیان باشترین یاریزانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دووەمیشیان خەڵاتی مارادۆنا وەک باشترین گۆڵکاری جیهان لە ماوەی ساڵی 2023.
 
رۆناڵدۆ ستایشی ئاستی ئاماندای کرد و قسەی باشی لەبارەوە کرد، کاتێک مایکەکەی لێوەرگرت و ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی "ئایا کریستیانۆ دەتوانێت ستاییشێکی باشتر لەمەم بکات؟!".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "قسەکردن لەگەڵ ئەفسانە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، شانازییەکی راستەقینە بوو".