مێسی دەبێتە سەرۆکی ئەرجەنتین

28-12-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەرجەنتینییەکان هێندە دڵخۆشن بە بردنەوەی جامی جیهان لە لایەن هەڵبژاردەی تانگۆوە بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی، ئامادەن ئەو پیاوە بکەنە سەرۆکی وڵاتەکەیان.
 
ئەرجەنتینییەکان هێشتا چێژ لەو سەرکەوتنە گەورەیە وەردەگرن، کە دوای 36 ساڵ چاوەڕوانی گەیشتنە خەونەکەیان، ئەوان مێسی بە هۆکاری سەرەکی ئەو خۆشیهێنانە دەزانن، کە لە پاڵەوانێتییەکەدا 7 گۆڵ و 3 ئاسیستی هەبوو.
 
ئەرجەنتینییەکان بە هەموو شێوەیەک خۆشەویستییان بۆ لیۆنێل دەردەبڕن، دەیان وێنەی گەورەی لیۆیان لەسەر دیوارەکان و لەسەر شەقامەکان کێشاوە، سەدان ئەرجەنتینی تاتۆی مێسییان لەسەر جەستەیان کێشاوە، هەزاران ژن و پیاوی ئەو وڵاتە ناوی منداڵەکانیان کردووەتە لیۆ.
 
دڵخۆشیی ئەرجەنتینییەکان و خۆشەویستییان بۆ لیۆ بەوەندە رانەوەستاوە و ئێستا داوا دەکەن مێسی بکەنە پیاوی یەکەمی وڵاتەکەیان، ئەوان ئامادەن دەنگ بۆ ئەوە بدەن مێسی ببێتە سەرۆکی ئەرجەنتین.
 
کۆمپامیای جیاکۆبێ، کە تایبەتە بە ئەنجامدانی راپرسی، بەمدواییە راپرسییەکی لەنێو ئەرجەنتینییەکاندا کردووە و پرسیاری ئەوەی لێکردوون کە دەتەوێت مێسی ببێتە سەرۆکی ئەرجەنتین؟. ئەنجامەکانی راپرسییەکە دەریانخستووە کە 44٪ـی ئەرجەنتینییەکان بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوەو و رازین مێسی ببێتە سەرۆکی وڵات. 38٪ـی دەنگدەران ئەو کارە رەتدەکەنەوە، 17.5٪ـی ئەرجەنتینییەکانیش بە وشەی "لەوانەیە" وەڵامیان داوەتەوە.
 
لەسەر بنەمای ئەم ئەنجامانە، هەمان کۆمپانیا راپرسییەکی دیکەی ئەنجامداوە 10 ناوی بەربژێر کردووە بۆ ئەوەی ئەرجەنتینییەکان دەنگیان لەسەر بدەن و یەکێکیان بکەنە سەرۆکی ئەرجەنتین، کە لەنێو ئەو 10 ناوەدا ناوی لیۆنێل مێسی هەیە. 
 
لەو راپرسییەدا مێسی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە  و 37٪ـی ئەرجەنتینییەکان دەنگیان بە لیۆ داوە، لە کاتێکدا پلەی دووەم بەر خاڤیێر میلی راستڕەو کەوتووە کە تەنیا 12٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، ئینجا کریستینا کیرشنێری خانمە سەرۆکی پێشووی ئەرجەنتین 11٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
 
خودی ئەلبێرتۆ فێرناندێز، سەرۆکی ئێستای ئەرجەنتین، کە لە 2019 ئەو پۆستەی وەرگرتووە، لە کاتی بەڕێوەچوونی مۆندیالی قەتەر رایگەیاند ئەگەر مێسی مۆندیال بۆ ئەرجەنتین بباتەوە، دەبێت بەبێ هەڵبژاردەن بکرێتە سەرۆکی ئەرجەنتین. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا مێسی دوای وازهێنان بیر لە سیاسەت دەکاتەوە و دەبێتە سەرۆکی وڵاتەکەی، کە ئەوە شتێکی نامۆ نییە و پێشتریش یەکێکی وەک جۆرج ویای ئەستێرەی هەڵبژاردەی لیبیریا بووە سەرۆکی وڵاتەکەی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە