فایق بلقیە.. ئەو یاریزانەی 20 ئەوەندی مێسی و رۆناڵدۆ دەوڵەمەندە

28-12-2021
ئیحسان تاهیر
فایق، برازای سوڵتانی برۆنای
فایق، برازای سوڵتانی برۆنای
نیشانەکردن فایق بلقیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تاوەکو ئێستا تەنیا دوو یاریزانی تۆپی پێ وەک ملیاردێر ناسراون، لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، ئەی ئەگەر بڵێین یاریزانێکی دیکە هەیە سەروەت و سامانەکای 20 ئەوەندەی لیۆ و کریسە؟ ئەگەر بڕواکردن بەوە زەحمەتیش بێت، بەڵام راستییە.
 
فایق بلقیە، یاریزانی پێشووی یانەکانی چێڵسی و لێستەر سیتی ئینگلیزی و کاپتنی هەڵبژاردەی برۆنای، دەوڵەمەندترین یاریزانی تۆپی پێیە لە جیهاندا، بۆیە بچێتە هەر شوێنێک هەموو سەرنجەکان دەچنەوە سەر ئەو، ئەگەرچی وەک یاریزان نەیتوانیوە لە نێو یاریگەکاندا ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات.
 
فایق کە هێشتا تەمەنی 23 ساڵە، وەک یاریزانی ناوەڕاستی هێرشبەر یاریدەکات، ئەو کوڕی برای سوڵتانی برۆنایە، کە بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان سامانەکەی زیاتر لە 20 ملیار دۆلارە، واتا زۆر لە مێسی و رۆناڵدۆ دەوڵەمەندترە، کە سامانی هەر یەکێکیان کەمێک لە ملیار دۆلار تێپەڕی کردووە.
 
جیاوازی فایق لەگەڵ مێسی و رۆناڵدۆ ئەوەیە کە ئەو وەک ئەوان سەروەت و سامانی خۆی لە رێگەی تۆپی پێوە کۆنەکردووەتەوە، ئەو لە خانەوادەیەکی زۆر دەوڵەمەندە، کاتێک تەمەنی باوکی گەیشتە 50 ساڵ ئاهەنگێکی گەورەی بەو بۆنەیەوە رێکخست و مایکل جاکسۆنی گۆرانیبێژی بەنێوبانگی ئەمریکی بانگهێشتکرد، کە خەرجییەکانی ئەو ئاهەنگە زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلار بوو.
 
فایق جگە لەوەی حەزی لە بەخێوکردنی ئاژەڵەکانە، خاوەنی چەندین ئۆتۆمبێلی گرنابەهایە و چەندین یەختیشی هەیە، کە کاتی پشووەکانی تیایاندا بەسەردەبات.
 
فایق پێشتر لە تەمەنی منداڵی و تازەپێگەیشتوواناندا یاری بۆ تیپەکانی ساوسامپتۆن، ئارسیناڵ، چێڵسی و لێستەر سیتی کردووە، ئینجا چووەتە یانەی ماریتیمۆی پۆرتوگالی، کە لەگەڵ ئەو یانەیەدا سەرکەوتوو نەبووە پەیوەندی بە یانەی چۆنبۆری تایلەندی.
 
کارگێڕیی یانە تایلەندییەکە زۆر دڵخۆشن بە تواناکانی بلقییە، کە بەڕێوەبەری وەرزشیی چۆنبۆری لەبارەی فایقەوە دەڵێت "بلقیە تەنیا لەسەر بنەمای تواناکانی هاتووەتە یانەکەمان، ئەو پێشتر یاری بۆ یانە ئینگلیزییەکان کردووە".
 
ئەو دەشڵێت "مایەی دڵخۆشییە کە تیپەکەت یاریزانێکی هەبێت کە لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا بەنێوبانگ بێت، ئەو دەوڵەمەندترین یاریزانی تۆپی پێی جیهانە، کوڕی جێفری بلقیەی برا بچووکی حەسەن بلقیەی سوڵتانی برۆنایە".
 
راهێنەر و یاریزانە هاوڕێکانی فایق شایەتی ئەوەی بۆ دەدەن کە ئەو داوای هیچ سەرپشککردنێک ناکات و هەمیشە وەک هاوڕێ و یاریزانێکی پیشەگەر رەفتار دەکات و یاریکەرێکی باش و بە ئەزموونیشە، ئەگەرچی ئەو زۆر بایەخ بە کاروانی وەرزشیی خۆی نادات بەهۆی دەوڵەمەندییە لە رادەبەدەرەکەی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە